پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕونی دەکاتەوە کە خواى گەورە -سبحانە وتعالى- ستەمی حەرام کردووە لەسەر نەفسی خۆی، وهەروەها ستەمی حەرامکردووە لەنێوان خوڵقێنراوەکانى ؛ بۆیە نابێت هیچ یەکێک ستەم لەئەوی تر بکات، وبەندەکان هەموویان گومڕان لە ڕێگای هەق وڕاستی مەگەر بەهیدایەت وسەرخستنی خواى گەورە، وئەوەى لە خواى گەورە بپاڕێتەوە ؛ سەرکەوتووی دەکات وهیدایەتی دەدات، وبەندەکان هەموویان هەژارن بۆ لای الله وپێویستیان بە ئەو زاتەیە لە هەموو پێداویستیەکانیاندا، وئەوەى داوا لە خواى گەورە بکات ؛ پێویستیەکەى بۆ جێبەجێ دەکات. وئەوان بە شەو وڕۆژ تاوان دەکەن، وخواى گەورە دایان دەپۆشێت ولێیان خۆشدەبێت ئەگەر بەندە داواى لێخۆشبوون بکات، وئەوان ناتوانن هیچ سوود وزیانێک بگەیەنن بە خواى گەورە، وئەگەر هەموویان لەسەر ڵی تەقوادارترین بن ؛ ئەم تەقوایە هیچ شتێک بۆ موڵکی الله زیاد ناکات، وئەگەر هەموویان لەسەر دڵی تاوانبارترین بن ؛ ئەمە هیچ شتێک لە موڵکی الله کەم ناکات، چونکە هەموویان هەژارن بۆ لای الله، وپێویستیان بە ئەو زاتەیە لە هەموو حاڵ وشوێن وکاتێک، وئەو زاتە دەوڵەمەند وبێ پێویستە -سبحانە وتعالى-، وئەگەر هەموویان لە یەک شوێن بوەستن بەمرۆڤ وجنۆکەیانەوە، لەیەکەمەوە بۆ کۆتایان وداوا لە خواى گەورە بکەن ؛ ئەوا بەپێی داواکەیان بەهەموویان دەبەخشێت، وئەمە هیچ شتێک لە موڵکی خودا کەم ناکاتەوە ؛ هەروەکو چۆن دەرزی ئەگەر بخرێتە نێو دەریاوە ودەربکرێت هیچ شتێک لەئاوی دەریاکە کەم ناکاتەوە، ئەمیش کامڵی وتەواوى دەوڵەمەندی وبێ پێویستی ئەو زاتە مەزنەیە -سبحانە وتعالى-، وخواى گەورە کردەوەی بەندەکان دەبژێرێت ودەیپارێزێت، پاشان لەسەر کردنیان ؛ پاداشتیان دەداتەوە لەڕۆژی قیامەتدا، هەرکەسێک بەرامبەر کردەوەکانى خێر وچاکەى پێبەخشرا ؛ ئەوا با حەمد وستایشی پەروەرگاری بکات چونکە سەرکەوتووی کردن بۆ گوێڕایەڵیکردنی، وئەوەى بەرامبەر کردەوەکانى تووشی سزا بوو ؛ ئەوا با تەنها لۆمەى نەفسی خۆی بکات کە فەرمانیپێکرد بە خراپە وبەرەو شکست ودۆڕان بردی.