عوسمانی كوڕی شەحام وفەرقەدی سەبەخی پرسیاریان لە موسلیم كرد، كە كوڕی هاوەڵی بەڕێز ئەبی بەكرەیە -ڕەزای خوای لێبێت- : ئایا هیچ فەرموودەیەكی بیستووە كە باوكی بیگێڕێتەوە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە فیتنە وئاشووب وكوشتار كە ڕوودەدات لە نێوان مسوڵماناندا؟ ئەویش ووتی: بەڵێ، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕایگەیاندووە كە لە پاش مردنی ئەو فیتنە وئاشووب ڕوودەدەن، وئەم فیتنانە ئەوەی دانیشتووە وبێ ئاگایە وبەرەو ڕوویان ناچێت وبە دوایان ناگەڕێت خێرترە لەوەی تێیاندا ڕادەكات، وئەوەی تێیاندا ڕادەكات خێرترە لەوەی بە خێرایی دەڕوات لە نێویاندا وبە دوایاندا دەگەڕێت وبەشداریان تێدا دەكات. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێنموێنی ئەو كەسەی كرد كە فیتنەكە لە سەردەمی ئەودا دادەبەزێت یان ڕوودەدات؛ ئەگەر شوێنێكی هەبوو خۆی تێدا پەنا بدات با وا بكات، ئەوەی وشتری هەبوو ودەیانی لەوەڕاند با بڕوات بۆ لای وشترەكانی، وئەوەی مەڕوماڵاتی هەبوو ودەیانی لەوەڕاند با بڕوات بۆ لای مەڕوماڵاتەكەی، وئەوەی زەوی وكێڵگەی هەبوو با بچێـتە بۆ لای زەویەكەی. پیاوێك ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، ئەی چی سەبارەت بە كەسێك كە شوێنی نەبوو خۆی تێدا پەنا بدات و وشتر و مەڕوماڵات وزەوی نەبوو؟ فەرمووی: با چەكەكەی بگرێت وبیدات بەسەر بەردێكدا وچیتر بە كەڵكی بەكارهێنان نەیەت، پاشان ڕا بكات وخۆی ومنداڵەكانی ڕزگار بكات ئەگەر توانی. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سێ جار شاهێدی دا وفەرمووی: ئەی خودایە ئاگاداری كە پێیانم گەیاند؟ ئەی خودایە ئاگاداری كە پێیانم گەیاند؟ ئەی خودایە ئاگاداری كە پێیانم گەیاند؟ پیاوێك ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، ئەی چی سەبارەت بەوەی ئەگەر ناچار كرام بە بەشداری لەگەڵ یەكێك لە دوو كۆمەڵەكە، یان دوو لایەنەكە، وپیاوێك بە شمشێر لێمی دا، یان تیرێك هات وكوشتمی؟ فەرمووی: گوناهی خۆی وتۆیش هەڵدەگرێت ئەوەی تاوانی كوشتنی ئەنجامدا، ولە ڕۆژی قیامەتدا لە نیشتەجێبووانی دۆزەخ دەبێت.