ئیبن مەسعود -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فێری وتاری پێویستی -خطبة الحاجة-ی کردن، ئەمیش ئەو وتارەیە کە دەووترێـت لەپێش دەستپێکردن بە ئەو وتارەی کە پێویستە بووترێـت، وەکو وتاری مارەیی و وتاری هەینی وهتد، وئەم وتارە ماناى مەزنی لەخۆگرتووە لە ڕوونکردنەوەى شایستەبوونی الله بە هەموو جۆرەکانى حەمد وستایشکردن وتەنها هانا بردن وداواکردن لە الله ی تاکی بێ شەریک وبێ هاوتا، وهەروەها داواکردنی لێخۆشبوونی گوناهەکان وداپۆشینیان لە الله -سبحانە وتعالى-، وهانا وپەنا بردن بۆ ئەو زاتە لە هەموو شەڕ وزیانێک، وشەڕی نەفس وهتد. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەی بۆ کردین کە هیدایەتدان بەدەستی الله یە، هەرکەسێک خودا هیدایەتی بدات ؛ کەس ناتوانێت گومڕای بکات، وئەوەى الله گومڕای بکات ؛ کەس ناتوانێت هیدایەتی بدات. پاشان شاهێدی -تەوحید-ی ووت (هیچ کەسێک شایستەى پەرستن نییە بەهەق وڕاستی جگە لە الله)، وشاهێدی دان بەوەی موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- بەندە وپێغەمبەری خودایە. وئەم وتارەی بەم سێ ئایەت کۆتایی پێهێنا کە فەرمانکردن بە تەقوای خواى گەورە وجێبەجێکردنی فەرمانەکان وخۆ بەدوورگرتن لە نەهی لێکراوەکانى تێدایە لەپێناو خواى گەورە، وپاداشتی ئەو کەسەی بەم شێوەیە گوێڕایەڵ بێت ؛ قسە وکردەوەکانی جوان دەبێت وخودا لە گوناهەکانی خۆشدەبێت ولە ژیانێکی بەختەوەرەدا دەبێت لە دونیادا ولە قیامەتدا شوێنی بەهەشتە.