لە نەواسی کوڕی سەمعانی ئەنساڕیەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خواى گەورە نمونەیەکی بۆ چواندوین کە ڕێگایەکی ڕاستە، و لەسەر هەردوو لای ڕێگاکە دوو دیوار هەن، ودەرگای کراوەیان تێدایە، و دەرگاکان پەردە دراون، و لە لای دەرگای ڕێگا ڕاستەکە بانگخوازێک هەیە دەڵێت: ئەی خەڵکینە، هەمووتان بێنە سەر ڕێگاکە و لا مەدەن ، وبانگخوازێکیش لە سەرەوەى ڕێگاکە هەیە، ئەگەر کەسێک بیەوێت هەریەکێک لەو دەرگایانە بکاتەوە، -پێی- دەڵێت: مەینەتی بۆت؛ مەیکەرەوە، ئەگەر بیکەیتەوە دەچیتە ژوورەوە، وڕێگاکە ئیسلامە، ودوو دیوارەکە: سنوورەکانى خواى گەورەن، ودەرگا کراوەکان: شتە حەرامکراوەکانن، وئەو بانگخوازەى لەسەر ڕێگاکە وەستاوە: کتێبی خواى گەورەیە -قورئان-، وئەو بانگخوازەى لە سەرەوەى ڕێگاکە وەستاوە: ئامۆژگاریکاری خودایە لە دڵی هەموو مسوڵمانێکدا». (سەحیح - ڕاست) - (الترمذي وأحمد) ڕیوایەتیان كردووە
explain-icon

شیکردنەوە

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونی دەکاتەوە: خواى گەورە بۆ ئیسلام نمونەیەکی هێناوەتەوە کە وەکو ڕێگایەکی ڕاست وایە کە هیچ خواروخێچیەکی تێدا نیە، ولە لایەکانى ئەم ڕێگایە، دوو دیوار هەیە و ئەمانە سنوورەکانى خواى گەورەن، لەنێو دیوارەکاندا دەرگای کراوە هەن ئەمانە حەرامکراوەکانن، لەسەر ئەم دەرگایانە پەردە هەیە وا دەکات ئەوەى تێدەپەڕێت نەزانێت چ لەپشت پەردەکەوە هەیە، لەسەر ڕێگاکە بانگخوازێک هەیە کە خەڵکی ئاراستە وڕێنموێنی دەکات وپێیان دەڵێـت: لەسەری بڕۆن و لامەدەن بۆ ئەملاو ئەولا، ئەم بانگخوازە قورئانە، وبانگخوازێکی تر هەیە لە سەرەوەى ڕێگاکە؛ ئەم بانگخوازە هەرکاتێک کەسێ تێپەڕبوو بەسەر ڕێگا ڕاستەکەدا بیەوێت کەمێک لەپەردەی سەر دەرگاکان لابدات ؛ نەهی لێدەکات وپێی دەڵێت: هاوار بەحاڵت مەیکەرەوە ! ئەگەر بیکەیتەوە دەچیتە ژوورەوە، وناتوانیت خۆت بگێڕیتەوە لە نەچوونە ژوورەوە، وئەم بانگخوازە ئامۆژگاریکاری خودایە لەدڵی هەموو مسوڵمانێکدا.

explain-icon

لە سوودەکانی فەرموودەکە

  • تەنها ئیسلام ئاینی هەقە، وتەنها ڕێبازی ڕاستە کە دەمانگەیەنێت بە بەهەشت.
  • واجبێتی پابەندبوون بە سنوورەکانى خواى گەورە وبەوەى حەڵاڵ وحەرامی کردووە، وکەمتەرخەمی تێیدا دەبێتە هۆی تیاچوون.
  • فەزڵ وپلەوپایەى قورئانی پیرۆز وهاندان بۆ کردەوەپێکردنی، چونکە هیدایەت ونور وڕۆشنایی وسەرفرازیی تێدایە.
  • ڕەحمی خواى گەورە بە بەندەکانى وئەوەى لە نێو دڵیاندا چاندوویەتی کە ڕێگریان لێدەکات لە تووشبوون بە تاوانە فەوتێنەرەکان، و ئامۆژگاری وئاگاداریان دەکاتەوە لە کەوتنە نێو داوى تاوانە لەناوبەرەکان.
  • خواى گەورە بە ڕەحمەتی خۆی چەند بەربەستێکی داناوە بۆ بەندەکان کە دەبێتە ڕێگر لە تووشبونیان بە تاوانەکان.
  • لە ئامراز وهۆکارەکانى فێرکردن هێنانەوەى نمونەیە بۆ نزیککردنەوەى تێگەیشتن.