قورئان بخوێنن وبەردەوام بن لەسەر خوێندنەوەى؛ چونکە ڕۆژی قیامەت دێت وشەفاعەت دەکات بۆ هاوەڵانی*، وبە تایبەت سورەتەکانى -البقرة- و -آل عمران- بخوێنن چونکە ئەوانە دوو ڕووناکین چونکە نور وهیدایەت وزۆری پاداشت هەیە لەسەر خوێندنەوەیان وکردەوە کردن پێیان، وەکو ئەوە وابێت لای خواى گەورە وەکو مانگ بن بەسەر ئەستێرەکانەوە، وپاداشتی خوێندنەوەیان لە ڕۆژی قیامەتدا بە چەند شێوەیەک دێت: - وەکو دوو هەور سێبەر بۆ خوێنەرانیان دروستدەکەن لە گەرمی ڕۆژی قیامەتدا. - یان وەکو دوو کۆمەڵ باڵندەى ڕیزبەستوو دێن کە باڵەکانیان درێژ کردووەتەوە، بەرگری دەکەن لە خوێنەرانیان دەکەن ودووریان دەخەنەوە لە دۆزەخ. ئەگەری هەیە ئەوەى دێت لە ڕۆژی قیامەتدا کردەوەکە بێت -یان پاداشتێک بێت لەسەر ئەو کردەوەیە- هەورەکو دەقی فەرموودەکە ئاماژەی پێدەکات، بەڵام بووترێت ئەوەى دێت وتەى خواى گەورە -قورئانە-؛ بەم شێوەیە نییە، چونکە قورئان وتەى خواى گەورە ولە سیفەتەکانى پەروەردگارە وسیفەت نایەت جیاواز لە زاتی مەزنی خۆی، وئەوەى لەسەر تەرازوو دادەنرێت کردەوەى بەندەیە، خواى گەورە دەفەرموێت: {وَٱللَّهُ خَلَقَكُمْ وَمَا تَعْمَلُونَ} [الصافات:96] واتە:{وخواى گەورە ئێوە وکردەوەکانى ئێوەیشی دروستکردووە}. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- جەختیکردەوە لەسەر خوێندنەوەى سورەتی -البقرة-؛ چونکە بەردەوام بوون لەسەر خوێندنەوەى وبیرکردنەوە لە ماناکانى وکردەوە پێکردنی بەرەکەت وپیرۆز وسوودی زۆری بۆ بەندە تێدایە، و وازهێنان لە خوێندنەوەى ئەم سورەتە وبیرنەکردنەوە لە ماناکانى وکردەوە نەکردن پێی هۆکاری پەشیمانیە لە ڕۆژی قیامەت، ولە پلەوپایە وفەزڵە مەزنەکانى ئەم سورەتە ئەوەیە کە ساحیرەکان ناتوانن زیان بە کەسێک بگەینن کە ئەم سورەتە دەخوێنێت وبیری لێدەکاتەوە ولێی تێدەگات وکردەوەى پێدەکات وسیحر پوچەڵ دەکاتەوە، و هەروەها وتراوە: ساحیرەکان ناتوانن ئەم سورەتە بخوێننەوە ولێی تێبگەن وکردەوەى پێبکەن، چونکە خوای گەورە سەرکەوتوویان ناکات بۆ ئەنجامدانى ئەم کردەوە چاکە. *(هاوەڵانی: واتە ئەوانەى دەیخوێنن ولێی تێدەگەن وکردەوەى پێدەکەن؛ وهەموو شتێک دەگرێتەوە کە بەندە ببەستێتەوە بە قورئانی پیرۆز)