لە ئەنەسەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پیاوێك پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- كرد سەبارەت بە قیامەت، ووتی: كەی قیامەت ڕوودەدات؟ فەرمووی: «ئایا تۆ چیت بۆ ئامادە كردووە». ووتی: هیچ، مەگەر ئەوە نەبێت من خودا وپێغەمبەرەكەیم خۆشدەوێت -صلى اللە علیە وسلم-، فەرمووی: «تۆ لەگەڵ ئەوانەیت کە خۆشت دەوێن». ئەنەس ووتی: ئاسوودە نەبووین بە هیچ شتێك هێندەی ئاسوودەییمان بەم فەرموودەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-: «تۆ لەگەڵ ئەوانەیت كە خۆشت دەوێن»، هەروەها ئەنەس ووتی: من پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وئەبوبەكر وعومەرم خۆشدەوێت، وهیوادارم لەگەڵ ئەوان بم بە خۆشەویستیم بۆیان، ئەگەرچیش كردەوەكانم وەكو كردەوەكانی ئەوان نابێت. (سەحیح - ڕاست) - (البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
explain-icon

شیکردنەوە

پیاوێكی دەشتەكی -ئەعرابی- پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە كاتی ڕوودانی قیامەت؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئایا چی كردەوەیەكی چاكت بۆ ئامادە كردووە؟ پرسیاركار ووتی: كردەوەی زۆرم نییە بەڵام من خودا وپێغەمبەرەكەیم خۆشدەوێت، وهیچ شتێكی تری باس نەكرد لەو پەرستنانەی بە دڵ ولاشە وسامان ئەنجام دەدرێن؛ چونكە هەموویان لقێكن لەو خۆشەویستیە و لەسەری دامەزراون، وخۆشەویستی ڕاستەقینە هاندەرە بۆ كۆششكردن لە ئەنجامدانی كردەوەی چاكدا. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: تۆ لە بەهەشتدایت لەگەڵ ئەوانەی خۆشت دەوێن. بۆیە هاوەڵانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- زۆر دڵخۆشبوون بەم موژدەیە. پاشان ئەنەس -ڕەزای خوای لێبێت- ڕایگەیاند كە ئەو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وئەبوبەكر وعومەری خۆشدەوێت، وبە هیوای ئەوەیە لەگەڵ ئەوان بێت، ئەگەرچیش كردەوەی وەكو كردەوەی ئەوان نابێت.

explain-icon

لە سوودەکانی فەرموودەکە

  • دانایی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە وەڵامدانەوەی پرسیارکاردا؛ چونکە ڕێنیشاندەری بوو بۆ ئەو شتەى گرنگە بۆی وڕزگاری دەکات، ئەمیش بریتیە لە: خۆ ئامادەکردن بۆ قیامەت بەوەى سوودی هەیە وئەنجامدانی کردەوەى چاک.
  • خواى گەورە زانینی کاتی قیامەتی شاردووەتەوە لە بەندەکانى؛ بۆئەوەى مرۆڤ بەردەوام ئامادە بێت بۆ گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگاری.
  • فەزڵ وگەورەیی خۆشویستنی پەروەردگار وپێغەمبەرەكەی وچاكەكاران لە ئیمانداران، وهۆشداریدان لە خۆشویستنی موشریكەكان.
  • كاتێك پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: تۆ لەگەڵ ئەوانەیت كە خۆشت دەوێن. مەبەست یەكسان بوونیان نییە لە پلە وپایەدا، بەڵكو مەبەست ئەوەیە هەموویان لە بەهەشتدان ؛ وهەریەكێكیان دەتوانێ ئەوی تر ببینێت ئەگەرچیش پلەوپایەیان لەیەكەوە دوور بێت.
  • ئاراستە كردنی مسوڵمان بۆ خۆسەرقاڵكردن بە ئەو شتەی چاكترە وبەسوودترە بۆی، و وازهێنان لە پرسیاركردن سەبارەت بە ئەو شتانەی كە سوودی نییە.