پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لێكرا سەبارەت چاكە وگوناهـ ، فەرمووی: لە گەورەترین تایبەتمەندیەكانی چاكە بریتیە لە ڕەوشت جوانی لەگەڵ الله بە تەقواداری، و لەگەڵ خەڵكی بە ئارامگرتن لەسەر ئازار، وكەمی توڕەیی، وڕووخۆشی، وقسە جوانی، وگەیاندنی پەیوەندی وگوێڕایەڵی ونەرمونیانی وچاكەكاری وباشی لە مامەڵە وهاوڕێیەتیدا. سەبارەت بە گوناهـ؛ هەرشتێكە لە نەفسدا بجوڵێت لە شتە گوماناویەكان ودوودڵ بیت سەبارەتی وسینگ بۆی ئارام نەبێت، ودڵ دەربارەی گوماناوی بێت، وبترسێت لەوەی گوناهە، ونەتەوێت ئاشكرای بكەیت چونكە ناشیرینە لە پێش چاوی خەڵكە چاكەكان، چونكە نەفس سروشتی وایە حەز دەكات خەڵكی چاكەكانی ببینێت، بۆیە ئەگەر حەز نەكەیت خەڵكە چاكەكان هەندێك لە كردەوەكانت ببینن؛ ئەوا ئەو كردەوانە گوناهن وخێریان تێدا نییە.