ئەبو هوڕەیڕە بەشێك لە شێوازی نوێژكردنی پێغەمبەر دەگێڕێتەوە -صلى اللە علیە وسلم-، ئەگەر پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە هەموو نوێژێکدا بوەستایە بەمەبەستی نوێژ ئەنجامدان تەکبیری ئیحرامی دەووت (تەكبیری ئیحرام واته: ووتنی یەكەم -الله أکبر- كە نوێژی پێ دادەبەستێت)، لەم كاتانەدا تەكبیری دەكرد -دەیووت: الله أكبر- : کاتێک بەرەو ڕكوع بردن دەچوو، و لەكاتی چوون بۆ سوجدە بردن، وکاتێک سەری بەرز دەکردەوە لە سوجدە بردن، وكاتێك دەچوو بۆ سوجدەی دووەم، و لەكاتی سەربەرزكردنەوە لە سوجدەی دووەم وهەستان بۆ ڕكاتی دواتر، و لەساتی هەستان لە خوێندنی تەشەهود -تەحیات- (لەو نوێژانەی سێ یان چوار ڕكاتن). بەڵام لەكاتی سەر بەزركردنەوە لە ڕكوع بردن دەیووت: (سمع الله لمن حمده) واتە: (خوا وەڵامی ئەوانە دەداتەوە -دەیانبیستێـت- کە حەمد وستایشی دەکات)، پاشان هەر بەوەستانەوە دەیووت: (ربنا ولك الحمد) واتە: (پەروەردگارمان، حەمد وستایش تەنها بۆ تۆ بێت)، هەموو ڕكاتەكانی نوێژەكەی بەم شێوەیە ئەنجامدەدا ؛ هەتاوەكو سەلامی دەدایەوە. كاتێك ئەبو هوڕەیڕە نوێژەكەی تەواو كرد، ووتی: سوێند بە ئەوەی نەفسی منی بەدەستە، شێوازی نوێژكردنی من نزیكترینە لە شێوازی نوێژكردنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ، ئەمە چۆنیەتی نوێژكردنی بوو هەتاوەكو دونیای بەجێهێشت.