ئیبن عەباس -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوە دەکات کاتێک منداڵ بوو لەپشتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوو بەسواری وڵاخێک، -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: من هەندێک وشەت فێر دەکەم کە بەهۆیانەوە خواى گەورە سوودت پێدەگەیەنێت: فەرمانەکانى خودا بپارێزە وخۆت بەدوور بگرە لە نەهی لێکراوەکان، بەشێوەیەک تەنها لە عیبادەت وپەرستشدا ببینرێیت ولەتاوان وگوناحدا بونت نەبێت ، ئەگەر بەم شێوەیە بیت ئەوا پاداشتی تۆ ئەوەیە خودا دەت پارێزێت لە ناخۆشی وناڕەحەتیەکانى دونیا وقیامەت، وسەرت دەخات لە ئەرکەکانت لە هەرشوێنێک بیت. وئەگەر ویستت داواى شتێک بکەیت ؛ بەتەنها داوا لە الله بکە کە وەڵامی داواکاران دەداتەوە. وئەگەر ویستت داواى یارمەتی و بەهاناوە هاتن بکەیت ؛ ئەوا تەنها لە الله داواى بکە. ودڵنیابە لەوەى ئەگەر هەموو سەر زەوی كۆببنەوه بۆئەوەى سوودێکت پێبگەیەنن؛ ئەوا ناتوانن ئەو سوودە بە تۆ بگەیەنن مەگەر خوای گەورە ئەو سوودەى بۆ تۆ نووسیبێت، وهیچ زیانێک تووشت نابێت ئەگەرچیش هەموو خەڵکی سەر زەوی کۆ ببنەوە لەسەر زیانگەیاندن بە تۆ مەگەر خوای گەورە ئەو زیانەى لەسەر تۆ نووسیبێت. وئەمانە هەمووی خواى گەورە -عز وجل- نووسیویەتی لە قەدەردا بەپێی زانست وحیکمەتی، وئەوەى خودا نووسیویەتی ناگۆڕێت، ودەبێت چاک بزانین کە پەروەردگار هەرگیز ستەم لە بەندەکانی ناکات.