هاوەڵان -ڕەزاى خوایان لێبێت- لە لای جەنازەى کەسێکدا بوون لە گۆڕستانی مەدینە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دانیشت لە نێو هاوەڵانی، وگۆچانێک بە دەستیەوە بوو وسەری داگرت بەرەو زەوی وەکو ئەوەى بیر بکاتەوە وغەم بخوات، وگۆچانەکەى کڕاند بەسەر زەویدا، پاشان فەرمووی: خواى گەورە -سبحانه وتعالى- قەدەری هەموو خەڵکی نوسیووە وشوێنەکانیانی نووسیوە لە بەهەشت یان لە دۆزەخ. کاتێک هاوەڵان ئەمەیان بیست لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- ووتیان: ئەگەر بڕیاردا بێت لەسەر قەزا وقەدەر بەوەى ئەوەى چاکەکارە ودەچێتە بەهەشتەوە، وئەوەى خراپەکارە ودەچێتە دۆزەخەوە، ئەگەر بەم شێوەیە بێت ئیتر بۆچی کردەوە بکەین با واز لە کردەوە ئەنجامدان بهێنین، چونکە هیچ سوودێک نییە بۆ هەوڵدان، چونکە هەموو شتێک نووسراوە ولە قەدەردا بڕیاری لەسەر دراوە. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەڵامیانی دایەوە وفەرمووی: کردەوە بکەن وپشت نەبەستن بەوەى کە بڕیاری لەسەر دراوە لە قەزا وقەدەردا بە خێر یان شەڕ، بەڵکو کردەوە بکەن بەو شێوەیەی فەرمانتان پێکراوە ولەو کردەوانە دوور بکەونەوە کە نەهیتان لێکراوە، چونکە کەسێک ناچێتە بەهەشتەوە مەگەر کردەوەی ئەهل وخەڵکی بەهەشتی ئەنجامدا بێت، وکەسێک ناچێتە دۆزەخەوە مەگەر کردەوەى ئەهل وخەڵکی دۆزەخی ئەنجامدا بێت، هەمووی ئەو کردەوانەى بۆ ئاسان دەکرێت کە بۆ ئەنجامدانى دروستکراوە لە خێر وشەڕ، بۆیە ئەوەى لە خەڵکە ئاسوودەکان بێت ئەوا خواى گەورە کردەوەى چاکەکاران ئەنجامدەدات، وئەوەى لە خەڵکە تیاچووەکان بێت ئەوا خواى گەورە کردەوەى خراپەکارانی بۆ ئاسان دەکات، بەڵام هەرمرۆڤێک ئەگەر پەیامی خواى گەورە بیست لەسەر زەویدا وهەق وڕاستی بۆ ڕوون بووەوە وبۆی دەربکەوت کە پەیامی ئیسلام ڕاستە وپشتگوێی بخات وشوێنی نەکەوێت ئەوا خۆی بژاردەی چوونە دۆزەخی هەڵبژاردووە، ومرۆڤیش نازانێت چی بۆ نووسراوە بەڵکو دەبێت ئەوەى فەرمانی پێکراوە لە قورئان وسونەتدا ئەنجامی بدات وئەوەى نەهی لێکراوە لە قورئان وسونەتدا لێی دووربکەوێتەوە، وئەم فەرموودەیە هەرگیز بەڵگە نییە بە دەستی تاوانکەران وکافرەکانەوە کە دەڵێن خودا بڕیاری لە سەر قەزا وقەدەری ئێمە داوە؛ نەخێر بەو شێوە نییە، چونکە خودا ڕێگای چاکەکاری وخراپەکاری ڕوونکردووەتەوە.