پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نوێژی بەیانی لە حودەیبیە کرد -ئەمیش لادێیەکە نزیک مەککە- پاش ئەوەى باران باری لەو شەوەدا، کاتێک سەلامی دایەوە ونوێژەکەى تەواو کرد ڕووی لە خەڵکی کرد، پرسیاری لێیان کرد: ئایا دەزانن پەروەردگارتان -عز وجل- ئەمشەو چی فەموو؟ ووتیان: خودا وپێغەمبەرەکەى دەزانن، فەرمووی: خواى گەورە -سبحانه وتعالى- ڕوونی کردەوە کە خەڵکی لەپاش باران بارین دابەش بوون بەسەر دوو کۆمەڵ: کۆمەڵێک باوەڕیان بە الله هەیە -سبحانه وتعالى-، وکۆمەڵێکی تر کوفریان کرد بە الله -سبحانه وتعالى- ؛ ئەوەى ووتی: بە فەزڵ وڕەحمەتی خواى گەورە بارانمان بۆ باری، هۆکاری باران بارینەکەى گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی خواى گەورە؛ ئەمە باوەڕی هەیە بە الله کە پەروەردگاری گەردوونە و بەڕێوەبەریەتی، وبێباوەڕە بە ئەستێرەکان. بەڵام ئەوەى ووتی: بەهۆی فڵان وفڵان ئەستێرە بارانمان بۆ باری ئەوا کوفری کردووە بە الله، وباوەڕی هەیە بە ئەستێرەکان، وئەمە کوفری بچووکە چونکە هۆکاری باران بارینەکەى گەڕانەوە بۆ ئەستێرەکان؛ واتا باوەڕی وایە خواى گەورە بڕیاری لەسەر هۆکاری شەرعی وقەدەری نەداوە بۆ باران بارین. بەڵام هەرکەسێک پێی وابێت دابەزینی باران وهتد لە ڕووداوەکانى سەر زەوی هۆکارەکەى جوڵانەوەى ئەستێرەکانە لە دەرچوون ونەمانیان و ئەوان بکەری ڕاستەقینەن ودەسەڵاتیان هەیە بەسەریاندا، ئەوا ئەمە کوفرى گەورەیە.