لە ئەبی بەکرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خودا بوو -صلى اللە علیە وسلم- کە دەیفەرموو: «ئەگەر دوو مسوڵمان ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە بە شمشێرەکانیان ئەوا بکوژ وکوژراو لە دۆزەخدان». دەڵێت: ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا زانیمان سەبارەت بە بکوژەکە، ئەی بۆچی کوژراوەکە دەچێتە دۆزەخەوە؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «چونکە ئەو سوور بوو ومەبەستی کوشتنی هاوەڵەکەی بوو». (سەحیح - ڕاست) - (البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
explain-icon

شیکردنەوە

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە ئەگەر دوو مسوڵمان ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە بە شمشێرەکانیان، و هەریەکەیان مەبەستی لەناوبردنی بەرامبەر بێت؛ ئەوا بکوژ لە دۆزەخە بەهۆی ئەوەى هەستاوە بە کوشتنی برا مسوڵمانەکەی. وهاوەڵان سەبارەت بە کوژراوەکە بەلایانەوە ڕوون نەبوو: بۆچی ئەویش لەدۆزەخدایە؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێیانی ڕاگەیاند کە ئەویش لە دۆزەخە چونکە پێداگیر بوو ومەبەستی کوشتنی براکەى بوو، وئەوەى ڕێگر بوو لەمە دەستپێشخەری براکەى بوو لە کوشتنی.

explain-icon

لە سوودەکانی فەرموودەکە

  • شایستەى سزادانە ئەو کەسەى لەدڵیەوە پێداگیر بێت لەسەر کردنی تاوان، وهۆکارەکانى جێبەجێ بکات.
  • هۆشداریەکی توند سەبارەت بە کوشتار لەنێوان مسوڵمانان وهەڕەشەکردن لە بکەرانی ئەم تاوانە بە چوونە دۆزەخ.
  • کوشتار لەنێوان مسوڵمانان بەهەق ودادپەروەری ناچێـتە ژێر سایەى ئەم هەڕەشەیە، وەکو کوشتار دژی دەستدرێژیکاران وئەوانەى تۆوی خراپە دەچێنن.
  • بکەری تاوانە گەورەکان ؛ بەکافر دانانرێت -تەکفیر ناکرێت-، چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەردوو لایەکەى بەمسوڵمان ناوبرد.
  • ئەگەر دوو مسوڵمان ڕووبەڕووی یەکتر بنەوە بە هەرکەرەستە وئامێرێکی شەڕ‌، ویەکێکیان کوژرا ؛ بکوژ وکوژراو لەدۆزەخدان، وباسکردنی شمشێر لێرەدا بۆ هێنانەوەی نمونەیە وبەس.