عوسمان -ڕەزای خوای لێبێت- چۆنیەتی دەستنوێژگرتنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-ی فێركرد بەشێوەیەكی كرداری ؛ بۆئەوەی ڕوونتر بێت بۆ تێگەیشتن، بانگی کرد کە دۆلکەیەک ئاوی بۆ بهێندرێت ؛ سێ جار ئاوی کردە سەر دەستی، پاشان دەستی ڕاستی كردە نێو دۆلكەكە وئاوی بەچنگی دەستی هێنا وخستیە نێو دەمی -ئەملاوئەولای پێكرد (غەڕغەڕەی بەئاوەكە كرد)- ودەری كرد، دواتر بەهەناسە ئاوی هەڵمژیە نێو لووتی وپەرشی كرد، پاشان سێ جار ڕووی شۆرد، ئینجا دەستەكانی شۆرد هەتاوەكو ئانیشكی (ئانیشكیشی شۆرد)، پاشان بە دەستە تەڕەكانی سەری مەسحكرد ؛ یەك جار، پاشان پێیەكانی شۆرد هەتاوەكو گوێزنگەكان (گوێزنگەكانیشی شۆرد). كاتێك دەستنوێژگرتنی تەواو كرد ؛ پێیانی ووت كە ئەو پێغەمبەری بینیووە -صلى اللە علیە وسلم- بەم شێوەیە دەستنوێژی گرتووە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- موژدەی پێیاندا كە هەركەسێك وەكو ئەو دەستنوێژ بگرێت، پاشان دوو ڕكات نوێژ بكات ؛ بە خشوع وئامادەبوونی دڵ لەپێش پەروەردگار، ئەوا خوای گەورە پاداشتی دەداتەوە لەسەر ئەم دەستنوێژە ڕێك ونوێژە دڵسۆزە بە لێخۆشبوون لە هەموو گوناهەكانی پێشووی.