فاتیمە -ڕەزای خوای لێبێت- سكاڵای خۆی هێنا بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بەو ناڕەحەتی وئازارەی تووشی دەستەكانی دەبن لەسەرەنجامی كاریگەری هاڕین لە بەردەئاشدا، بۆیە كاتێك سەبییان هێنا بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-؛ چوو بۆ لای داوای خزمەتكارێكی كرد لەم سەبییانە، بۆئەوەی لە جیاتی ئەو كارەكانی ماڵ بكات، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە ماڵ نەبوو، وچاوی بە عائیشە كەوت -ڕەزای خوای لێبێت-، وئەوەی بۆی باسكرد. كاتێك پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- گەڕایەوە عائیشە باسی هاتنی فاتیمەی بۆ كرد بەوەی داوای خزمەتكارێكی كردووە، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چوو بۆ لای فاتیمە وعەلی -ڕەزای خوایان لێبێت- لەكاتێكدا ئەوان لەنێو جێگاكانیان بوون وخۆیان بۆ خەوتن ئامادە دەكرد، ولە نێوانیان دانیشت هەتاوەكو عەلی -ڕەزای خوای لێبێت- هەستی بە ساردی پێیەكانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- كرد لەسەر سكی، وفەرمووی: ئایا شتێكتان فێر بكەم كە خێرترە لە داواكەتان بەوەی خزمەتكارێكتان پێببەخشم؟ ووتیان: بەڵێ، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەگەر چوونە سەر جێگاكانتان بۆ خەوتن لە شەودا، سی وچوار جار تەكبیر بكەن -بڵێن: الله أكبر-، وسی وسێ جار بڵێن: سبحان الله، وسی وسێ جار بڵێن: الحمد لله؛ ووتنی ئەم زیكرانە خێرترە بۆ ئێوە لە خزمەتكارێك.