پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەو تەشەهودەی -تەحیاتەی- فێری عبداللەی کوڕی مەسعود كرد -ڕەزای خوای لێبێت- كە لە نوێژدا دەووترێت، دەستەكانی عبداللەی كردە نێو دەستەكانی خۆی بۆئەوەی سەرنجی ئیبن مەسعود ڕابكێشێت. بەو شێوەیە فێری كرد هەروەكو چۆن سورەتێكی قورئانی فێر دەكرد، ئەمیش ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەم تەشەهودە لەڕوانگەی چۆنیەتی ووتن وماناكەی. فەرمووی: (التَّحِيَّاتُ لِلَّهِ : هەموو ستایشێکی گەورە وبە مەزن دانان تەنها بۆ خوای گەورەیە): ئەمیش ئاماژەیە بۆ هەموو قسە وكردەوەیەك كە بەگەورەدانانی تێدا بێت، هەمووی تەنها شایستەیە بۆ خوای گەورە -عز وجل-. (وَالصَّلَوَاتُ : وهەموو نوێژکردنێک): ئەمیش هەموو نوێژێكی زانراو دەگرێتەوە ؛ نوێژە فەرز وسونەتەكان هەمووی بەتەنها بۆ پەروەردگار ئەنجامدەدرێت -سبحانه وتعالی-. (وَالطَّيِّبَاتُ : وهەموو قسە وکردەوەیەکی باش وجوان وخێرکردنێک تەنها بۆ ئەو زاتە بە دڵسۆزی ئەنجام دەدرێت): هەموو قسە وكردەوە وسیفەتێكی پاك وچاك دەگرێتەوە كە ئاماژەن بۆ كامڵێتی، هەموویان تەنها شایستەن بۆ پەروەردگار -سبحانه وتعالی-. (السَّلاَمُ عَلَيْكَ أَيُّهَا النَّبِيُّ وَرَحْمَةُ اللَّهِ وَبَرَكَاتُهُ : سەلام وسڵاو لە سەر تۆ بێت ئەی پێغەمبەر لە گەڵ ڕەحمەت وبەرەکات وپیرۆزی خوای گەورە): نزاكردن بۆ سەلامەت بوون لە هەموو بەڵا وخراپە وناخۆشییەك، ونزاكردن بۆ زیادبوونی هەموو خێر وچاكەیەك. (السَّلاَمُ عَلَيْنَا وَعَلَى عِبَادِ اللَّهِ الصَّالِحِينَ : وسەلام وسڵاو لە سەر ئێمە ولە سەر بەندە چاکەکانی خوای گەورە): نزا كردن بۆ سەلامەت بوونی نوێژخوێنان وهەموو بەندەیەكی چاك لە ئاسمانەكان وزەوی. (أَشْهَدُ أَنْ لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ : شاهێدی دەدەم -دان دەنێم- بەوەی کە هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بەهەق وڕاستی جگە لە الله): بەدڵنیایی وچەسپاوی جەخت دەكەمەوە لەسەر ئەم شاهێدی دانە. (وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّدًا عَبْدُهُ وَرَسُولُهُ : وشاهێدی دەدەم كە موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- پێغەمبەر ونێردراوی خودایە): دان دەنێم بەوەی بەندەی خودایە وكۆتا پەیامبەرە. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێنموێنی نوێژخوێنی كردووە بۆ ووتنی هەر نزایەك كە دەیەوێت بیڵێت.