هاوەڵی بەڕێز ئەبی موسای ئەشعەری -ڕەزای خوای لێبێت- یەكێك لە نوێژەكانی ئەنجامدەدا، کاتێک لەدانیشتنی تەشەهود -تەحیات خوێندن- بوو ؛ پیاوێک لە پشتیەوە لەنێو خەڵکیدا ووتی: نوێژکردن هاوتا وبەراورد کراوە (فەرزکراوە) لەگەڵ چاکەکاری وزەکاتدا، کاتێک ئەبو موسا نوێژەکەى تەواو کرد، ڕووی لە نوێژخوێنەكان كرد وپرسیاری لێیان كرد: کێ بوو ئەو وشانەی ووت؟ خەڵکی بێدەنگ بوون، وهیچ یەكێكیان قسەیان نەكرد، پرسیارەكەی دووبارە كردەوە، كاتێك هیچ كەسێك وەڵامی نەدایەوە، ئەبو موسا -ڕەزای خوای لێبێت- ووتی: ئەی حیتان دیارە تۆ وتت ! ئەمیش بەهۆی بوێری ونزیكی وپەیوەندی پێوەی، وتۆمەتەكە هیچ زیانێكی پێ ناگەیەنێت، و بۆئەوەی هانی بكەرە ڕاستەقینەكە بدات بۆ دانپێدانان، حیتان نكۆڵی كرد، ووتی: ترسام لەوەی سەرزەنشتم بكەیت ؛ بەگومانی ئەوەی من وتوومە، لەم كاتەدا پیاوێك لەنێو خەڵكی ووتی: من ووتم: وتەنها مەبەستم خێر بوو، ئەبو موسا بۆ فێركردنی ووتی: ئایا نازانن دەبێت چی بڵێن لەنێو نوێژەکانتان؟ ئەمیش وەكو نكۆڵیەك لەسەر ئەم كردەوەیە، پاشان ئەبو موسا ووتی: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- جارێكیان وتاری بۆیان دەدا، وڕێنماییەكانی شەریعەتی بۆیان ڕوون دەكردەوە، وفێری نوێژیانی كرد، وفەرمووی: ئەگەر ویستتان نوێژ ئەنجام بدەن ؛ ڕیزەکانتان ڕێک بکەن و ڕاست وجوان بوەستن، پاشان با یەکێکتان پێشنوێژی بۆ خەڵكی بكات، ئەگەر -ئیمام- تەکبیرەی کرد (ووتی: -الله أكبر- بۆ دابەستنی نوێژ) ؛ ئێوەش تەکبیر بکەن، ئەگەر سورەتی -الفاتحة-ی خوێند وگەیشتە: {غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ} [الفاتحة: 7] واتە: {نەك (ڕێگای) ئەوانەی خەشمی (تۆیان) لێگیراوە (وەک جولەکە وھاوکردەوەکانیان) وە نەك (ڕێگای) گومڕایان وەك (گاورەکان وھاوکردەوەکانیان)}، ئێوە بڵێن: ئامین، ئەگەر بیڵێن ؛ خواى گەورە وەڵامی نزاكانتان دەداتەوە، ئەگەر تەکبیرەی کرد وچوو بۆ ڕکوع بردن ؛ ئێوەیش تەکبیر بکەن وبچن بۆ ڕکوع بردن، ئیمام لەپێش ئێوە دەڕوات بۆ ڕکوع بردن ولەپێش ئێوە -لەڕکوع بردن- بەرز دەبێتەوە؛ بۆیە پێشی مەكەون، ئەو ساتە كەمەی ئیمام پێشی ئێوە چوو بۆ ڕكوع بردن، پڕ دەبێتەوە بۆتان بەهۆی دواکەوتنتان بۆ هەستانەوە لەڕکوع بردن ؛ چونکە ئێوە دوای ساتێكی كەم لەپاش ئیمام هەڵدەستنەوە لە ڕكوع بردن، ئەو ساتە یەكسانە بە ئەو ساتە، وماوەی ڕكوع بردنتان وەكو ماوەی ڕكوع بردنی ئیمامە، ئەگەر ئیمام ووتی: (سمع الله لمن حمده) واتا: (خودا وەڵامی ئەوانە دەداتەوە -ئەوانە دەبیستێت- کە حەمد وسوپاستی دەکەن)، بڵێن: (اللهم ربنا لك الحمد) واتا: (ئەی خودایە پەروەردگارمان حەمد وسوپاس تەنها بۆ تۆیە)، ئەگەر نوێژخوێنان ئەمە بڵێن خواى گەورە دەیان بیستێـت و وەڵامی نزاكانیان دەداتەوە، چونکە خواى گەورە -تبارك وتعالى- لەسەر زمانى پێغەمبەرەکەى -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: (سمع الله لمن حمده)، پاشان ئەگەر ئیمام تەکبیرەی کرد وچوو بۆ سوجدە بردن؛ ئەوا دەبێت نوێژخوێنانیش تەکبیر بکەن وبچن بۆ سوجدە بردن، چونکە ئیمام لەپێش ئەوان سوجدە دەبات و لەپێش ئەوان بەرز دەبێتەوە -لە سوجدە بردن-، ئەو ساتە یەكسانە بە ئەو ساتە، ماوەی سوجدەبردنی نوێژخوێنەكان یەكسانە وەكو ماوەی سوجدەبردنی ئیمام، وئەگەر ئیمام لە دانیشتن بوو بۆ خوێندنی تەشەهود -تەحیات- ؛ یەكەم شت كە نوێژخوێن دەیڵێت بریتیە لە: (التحيات الطيبات الصلوات لله * هەموو ستایشێکی گەورە و مەزنێتی تەنها بۆ خوای گەورەیە، وهەموو نوێژکردنێک تەنها بۆ ئەو زاتەیە): مەزنێتی ومانەوە وهەموو موڵكێك تەنها بۆ خوای گەورە، وهەموو نوێژەكان -لەسەرووی هەموویانەوە نوێژە فەرزەكان- ؛ هەمووی بۆ پەروەردگار ئەنجامدەدرێت، (السلام عليك أيها النبي ورحمة الله وبركاته، السلام علينا وعلى عباد الله الصالحين * سەلام وسڵاو لە سەر تۆ بێت ئەی پێغەمبەر لە گەڵ ڕەحمەت وبەرەکات وپیرۆزی خوای گەورە، سەلام وسڵاو لە سەر ئێمە ولە سەر بەندە چاکەکانی خوای گەورە): -مانای سەلام كردن واتا- لە خوای گەورە داوای سەلامەتی ودووریم دەكەم لە هەموو عەیب وكەموكورتی وخراپەیەك، و بەتایبەت سەلام دەكەین لەسەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، پاشان سەلام دەكەین لە نەفسی خۆمان، دواتر لە بەندە چاكەكانی خوای گەورە ؛ ئەوانەی كە مافەكانی خوای گەورە -سبحانه وتعالی- ومافەكانی خەڵكی جێبەجێ دەكەن، پاشان (أشهد أن لا إله إلا الله، وأشهد أن محمدًا عبده ورسوله * شاهێدی دەدەم -دان دەنێم- بەوەی کە هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بەڕاست وهەق جگە لە الله، وموحەمەد بەندە وپێغەمبەری خودایە).