پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوە دەکات کە خواى گەورە پیاوێک هەڵدەبژێرێت لە نێو ئومەتەکەى لەپێش هەموو خەڵکی بانگ دەکرێت بۆئەوەى لێپرسینەوەى لەگەڵدا بکرێت، بۆیە نەوەد ونۆ تۆماری پیشان دەدرێت کە هەموو کردەوە خراپەکانى تێدایە کە لە دونیا کردوویەتی، ودرێژی هەر تۆمارێک هێندەى چاو ببینێت، پاشان خواى گەورە -عز وجل- بەم پیاوە دەفەرموێت: ئایا نکۆڵی دەکەیت لە هیچ شتێکی نووسراو لەم تۆمارانەدا؟ ئایا ئەو فریشتانەى کردەوەکان دەنووسن هیچ ستەمێکیان لێکردوویت؟ پیاوەکە دەڵێت: نەخێر ئەی پەروەردگار. خواى گەورە -عز وجل- دەفەرموێت: ئایا هیچ عوزرێکت هەیە بۆ کردنی ئەم کردەوانە لە دونیادا؟ ئایا بەهۆی هەڵە یان نەزانین بووە؟ پیاوەکە دەڵێت: نەخێر ئەی پەروەردگار هیچ عوزرێکم نیە. خواى گەورە -عز وجل- پێی دەفەرموێت: لای ئێمە چاکەیەکت هەیە، وهیچ ستەمێکت لێناکرێت لە ئەمڕۆدا. دەفەرموێت: پاشان پارچە کاغەزەکە -بیتاقەکەى- بۆ دەردەکرێت کە لەسەری نووسراوە: (أشهد أن لا إله إلا الله و أشهد أن محمدًا عبده ورسوله) واتە: (شاهێدی دەدەم بەوەى هیچ پەرستراوێک شایستەى پەرستن نیە بەهەق وڕاستی جگە لە الله، وشاهێدی دەدەم موحەمەد پێغەمبەری خودایە). خواى گەورە -عز وجل- بە پیاوەکە دەفەرموێت: تەرازووەکەت بهێنە. پیاوەکە بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: ئەی پەروەردگار! ئایا کێشی ئەم -بیتاقە- چیە بەرامبەر ئەم هەموو تۆمارە؟! خواى گەورە -عز وجل- دەفەرموێت: ئەمڕۆ هیچ ستەمێکت لێناکرێت. دەفەرموێت: پاشان تۆمارەکان لەسەر تایەکی تەرازووەکە، و-بیتاقەکە- لەسەر تایەکی تری تەرازووەکە دادەنرێت، بۆیە ئەو لایەى تۆمارەکانى لەسەرە سووک دەبێت، وئەو لایەى کە -بیتاقەکە-ی لەسەرە قورس دەبێت، بۆیە خواى گەورە لێی خۆش دەبێت.