پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كردووە لە چوار شت: یەكەم: قەدەغەكردنی ئافرەت لە سەفەركردن بۆ دووریەك ماوەكەی دوو ڕۆژ بێت مەگەر مێردەكەی یان مەحرەمێكی لەگەڵدا بێت، مەحرەم ئەو كەسەیە كە بە هەتاهەتایی حەرامە ئەو ئافرەتە مارە بكات ئەوانیش بریتین لە كەسە نزیكەكانی وەكو باوك وكوڕ وبرا، برازا وخوشکەزا، ومام وخاڵ، وهتد. دووەم: نەهی كردووە لە ڕۆژووگرتن لە ڕۆژی ڕۆژووشکاندن -یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان- و ڕۆژی قوربانیکردن -واتە ڕۆژەکانى جەژنی قوربان كە چوار ڕۆژن 10، 11، 12، 13 ی مانگی ذي الحجة-، ئینجا ڕۆژووگرتنەكە نەزر یان سونەت یان كەفارەت بێت. سێیەم: نەهی كردووە لە ئەنجامدانی نوێژی سونەت -لە دوو كاتدا-: لەپاش نوێژی عەسر هەتاوەكو خۆر ئاوا دەبێت، ولە پاش نوێژی بەیانی هەتاوەكو خۆر دەردەچێت. چوارەم: نەهی كردووە لە -سەفەری تایبەت-^ بۆ شوێنێك كە باوەڕ وابێت فەزڵی هەیە وپاداشت تێیدا چەند جار دەبێت، جگە لە سەفەركردن نەبێت بۆ ئەم سێ مزگەوتە بۆ نوێژكردن تێیاندا، پاداشتی نوێژكردن تەنها لەم سێ مزگەوتەدا چەند جار دەبێتەوە: مزگەوتی حەرام، ومزگەوتی ئەقسا، وئەم مزگەوتی نەبەوی. ^(سەفەری تایبەت: مەبەست لێی سەفەر وگەشتێکە بۆ پەرستن ونزیکبوونەوە لە خودا ئەنجامبدرێت)