پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وتاری دەدا و عبداللە کوڕی زەمعە بیستی کە لە وتارەکەیدا باسی ئەو وشترە دەکات کە خودا وەکو موعجیزەیەک بەخشی بە پێغەمبەر ساڵح -علیه السلام-، وهەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەو کەسەیشی کرد کە وشترەکەى کوشت، کە ناوى قوداری کوڕی سالف بوو کە خراپەکارترین کەسی نێو قەومەکەى بوو، لە وەسفەکانى: نمونەکەى کەمە (لە زیانلێداندا)، زۆر خراپەکارە، خاوەنی هێز ودەسەڵاتە لە نێو قومەکەی. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە وتارەکەدا فەرمووی: (هەندێکتان جەڵد لە ئافرەتەکەى دەدات -وا دەزانێت- کۆیلەی ئەوە !): ئەمیش لێدانى توند دەگرێتەوە، وماناى فەرموودەکە ئەوە دەردەخات کە دوورە لەوەى ئەم کردەوەیە کەسی ئاقڵ ئەنجامی بدات، چونکە ئەگەر لە کەسێک بدرێت بەو توندیە چۆن دواتر داواى لێدەکات کە بچێت بۆ لای وجیماعی لەگەڵدا بکات، چونکە زۆر جار ئەو کەسەی لێی دەدرێت حەز بەو کەسە ناکات کە لێی دەدات، ولێرەدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەرزەنشتی ئەم جۆرە مامەڵەکردنە دەکات لە گەڵ خێزاندا، وئەگەر کەسێک ویستی خێزانەکەى ڕێک بکاتەوە -تەربیەتی بدات- ئەوا با بە لێدانێکی سووک بێت کە زیانی پێ نەگەیەنێت ولە دەموچاوی نەدات بە هیچ شێوەیەک وئەم لێدانە نەبێتە هۆی ئەوەى ئافرەتەکە بە تەواوى حەزی لێنەکات، بۆیە پێویستە زیادەڕەوی نەکرێت لە لێدان وڕێک کردنەوەدا -تەمبێکردندا-. پاشان (ئامۆژگارییانی کرد): واتا ئاگاداریانی کردەوە. (سەبارەت بە پێکەنینی هەندێک کەس بەهۆی با دەرچوون -لە پاشەوە-): چونکە پێکەنین بەو کەسەی بە بێ ویستی خۆی بایەکی لێوە دەردەچێت، پێچەوانەى ڕەوشت وئاکاری بەرزە وهەروەها شکاندنەوەى ڕێز وحورمەتی کەسی بەرامبەرە، وبۆ ناشیرینکردنی پێکەنینی ئەم جۆرە کەسانە فەرمووی: (ئایا بۆچی پێدەکەنن بە یەکتر لە کاتێکدا هەریەکێکتان خۆی ئەوە دەکات؟): چونکە پێکەنین سەبارەت بە شتێکی سەیر ونامۆ دەبێت، وئەمەى کە ڕوودەدات هەموو کەسێک ئەمەى بەسەریدا ڕوودەدات؛ ئیتر بۆچی کەسێک بە شتێک پێدەکەنێت وگاڵتەی پێدەکات کە لەوەیە لە خۆیشیدا هەمان شت ڕووبدات ئایا ئەو حەز دەکات خەڵکی پێی پێبکەنن، بۆیە ئەگەر مرۆڤ بە بێ ویستی خۆی بای لێوە دەرچوو نابێت بشکێندرێتەوە، مەگەر کەسێک سەرزەنشت دەکرێت کە بە ئەنقەست هەوڵدەدات بای لێوە دەربچێـت بۆ ئەوەى خەڵکی پێی پێبکەنن.