نوعمانی كوڕی بەشیر -ڕەزای خوایان لێبێت- باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە دایكی بە ناوی عەمرەی كچی ڕەواحە -ڕەزای خوای لێبێت- داوای لە باوكی كرد كە هەندێك لە سامانەكەی وەكو دیاری ببەخشێت بە كوڕەكەی (بە نوعمان)، بەڵام باوكی بە گومان بوو وبۆ ماوەی ساڵێك دوای خست، پاشان بڕیاری دا كە وەڵامی داواكەی بداتەوە ودیاری ببەخشێت بە نوعمانی كوڕی، عەمرە ووتی: ڕازی نابم هەتاوەكو پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- شاهێدی دەدات لەسەر ئەوەی بە كوڕەكەمت بەخشیووە، باوكم دەستی گرتم ولەو كاتەدا من كوڕەمنداڵێكی بچۆكەلە بووم، هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، دایكی ئەم كوڕە؛ كچی ڕەواحە پێی خۆش بوو شاهێدی بدەیت لەسەر ئەوەی وەكو دیاری بەخشیوومە بە كوڕەكەی، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەی بەشیر، منداڵی ترت هەیە جگە لە ئەم؟ ووتی: بەڵێ. فەرمووی: ئایا وەكو ئەم دیاریەت بەخشیووە بە هەموو ئەوانی تر؟ ووتی: نەخێر فەرمووی: كەواتا من مەكە بە شاهێد، چونكە من شاهێدی لەسەر ستەم نادەم. ولە گێڕانەوەی (مسلم)دا هاتووە؛ بە سەرزەنشتێكەوە پێی فەرموو: بەڵكو خەڵكی تر بكە بە شاهێد لەسەر ئەم ستەمە.