پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر نوێژەکەى تەواو بکردایە، سێ جار دەیووت: أستغفر الله، أستغفر الله، أستغفر الله. (أستغفر الله، واتا: داواى لێخۆشبوون لە خواى گەورە دەکەم). پاشان زیکری بەمەزندانانى پەروەردگاری دەووت: (اللهُمَّ أنت السَّلام ومِنك السَّلام، تَبَارَكْتَ يا ذا الجَلال والإكْرَام)، (واتە: خودایە تۆ دووریت لە هەموو کەم وکورتی وعەیبێک وهەروەها سەلامەتی وکامڵ بوون تەنها لە لایەن تۆوە دێت -تۆ دەیبەخشیت-، تۆ پیرۆزیت وتۆش خاوەن شەرەف وڕێز وشکۆیت)، خواى گەورە کامڵە وسەلامەتە لە هەموو سیفەتەکانیدا، وسەلامەتە لە هەموو عەیبێک وگشت کەموکورتیەک لە ئەو زاتە دوورە، وئەم نزایە داواکردنە لە پەروەدگار -سبحانە وتعالى- بۆئەوەى سەلامەتی بە بەندە ببەخشێت ودووری بخاتەوە لە شەڕ وزیانەکانى دونیا وقیامەت، وخواى گەورە -سبحانە وتعالى- مەزنە وچاکەکارە وخاوەن خێر وبەرەکەتی زۆری دونیا وقیامەتە.