پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- لەنێو هەندێك لە هاوەڵانی بوو، سێ جار داوای لێیان كرد كە بەیعەت وپەیمانی پێبدەن لەسەر پابەند بوون بە ئەم شتانە: یەكەم: بەتەنها پەرستنی الله ی تاك وبێ هاوتا وبێ هاوەڵ، ئەمیش بە جێبەجێكردنی فەرمانەكانی ودووركەوتنەوە لە نەهی لێكراوەكانی، وبە هیچ شێوەیەك هاوەڵی بۆ بڕیار نەدەن. دووەم: ئەنجامدانی پێنج نوێژە فەرزەكان لە ڕۆژ وشەوێكدا. سێیەم: گوێڕایەڵ وفەرمانبەرداری لە چاكەدا بۆ ئەو كەسانەی دەبنە كاربەدەستی مسوڵمانان. چوارەم: داواكردنی هەموو پێویستیەكانیان لە خوای گەورە وداوا نەكردنی هیچ شتێك لە خەڵكی، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەدەنگێكی نزم ئەمەی بۆیان باسكرد. هاوەڵان -ڕەزای خوایان لێبێت- كردەوەیان كرد بەوەی بەیعەت وپەیمانیان لەسەر دابوو، تەنانەت گێڕەرەوەی فەرموودەکە دەڵێت: هەندێک لەو هاوەڵانەم بینی ؛ لەسەر پشتی ئاژەڵێك كاتێك قامچیەکەی دەستی بكەوتایە، داوای لە کەس نەدەکرد کە قامچیەکەی پێبدات بەڵكو خۆی دادەبەزی وهەڵی دەگرتەوە.