پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیدەكاتەوە كە خوای گەورە لە فەرموودەیەكی قودسیدا دەفەرموێت: سورەتی -الفاتحة-م دابەشكردووە لەنێوان خۆم وبەندەكەم بۆ دوو نیوە، نیوەی بۆ منە، ونیوەی بۆ ئەوە، نیوەی یەكەم: حەمد وسوپاس وستایشكردنی الله یە، كە لەسەر ئەمە بەچاكترین شێوە پاداشتی دەدەمەوە. نیوەی دووەم: پاڕانەوە ونزایە، و وەڵامی دەدەمەوە وئەوەی داوای دەكات پێی دەبەخشم. ئەگەر نوێژخوێن بڵێـت: {الْحَمْدُ لِلهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ} واتا: {سوپاس بۆ خواى پەروەردگاری هەموو جیهانیان}؛ ئەوا خودا دەفەرموێت: بەندەکەم سوپاس وحەمدم دەکات، وئەگەر بڵێت: {الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ} واتا: {بەخشندەی میهرەبان}؛ ئەوا خودا دەفەرموێت: بەندەكەم ستایشی كردم ودانینا بە هەموو نیعمەتەكانم لەسەر خوڵقێنراوەكانم، وئەگەر بڵێت: {مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ} واتا: {پادشا وخاوەنی ڕۆژی لێپرسینەوە}؛ ئەوا خودا دەفەرموێت: ئەمە بە شکۆدانانى منە لە لایەن بەندەکەمەوە، وئەویش ئەوپەڕی ڕێزداری وشكۆمەندییە. وئەگەر بڵێت: {إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ} واتا: {تەنها تۆ دەپەرستین وتەنها پشت بە تۆ دەبەستین -تەنها لە تۆ دەپاڕێینەوە-}؛ ئەوا خودا دەفەرموێت: ئەمە لە نێوان من وبەندەکەمە. نیوەی یەكەمی ئەم ئایەتە بۆ الله یە، ئەمیش بریتیە لە ووتنی: {إِيَّاكَ نَعْبُدُ} واتا: {تەنها تۆ دەپەرستین} ؛ ودانپێدانانە بە ئولوهیەتی -پەرستراوێتی- الله، و وەڵامدانەوەیەتی بە پەرستنی، لێرەدا ئەم نیوەی كە بۆ الله یە ؛ كۆتایی دێت. نیوەی دووەمی ئەم ئایەتە بۆ بەندەیە: {إِيَّاكَ نَسْتَعِينُ} واتا: {تەنها پشت بە تۆ دەبەستین -تەنها لە تۆ دەپاڕێینەوە-} ؛ داواكردنی یارمەتیە لە الله، وداواكردنی پەیمانی خودا بەوەی یارمەتی بەندە بدات. ئەگەر بڵێت: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ، صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلا الضَّالِّينَ} واتا: {هیدایەتمان بدە بۆ سەر ڕێگای ڕاست ڕێگای ئەوانەى کە نیعمەتت هەیە بەسەریانەوە نەک ڕێبازی ئەوانەى خودا لێیان توڕەیە -نەک ڕێبازی جولەکەکان وهاوڕێبازەکانیان کە زانستیان هەیە بەڵام کردەوەى پێناکەن-، ونە ڕێبازی ئەوانەى گومڕان -نەک ڕێبازی گاوڕەکان وهاوڕێبازەکانیان کە کردەوە دەکەن بە نەزانین وبێ زانست-}؛ ئەوا خودا دەفەرموێت: ئەمە پاڕانەوە ونزای بەندەكەمە، وئەوەی بەندەکەم داواى دەکات ؛ پێی دەبەخشم، ونزاكەیەم وەڵامدایەوە.