پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە ڕۆژێكی جەژندا دەرچوو بەرەو شوێنی ئەنجامدانی نوێژی جەژن، وپەیمانی بە ئافرەتان دابوو بەوەی بەتایبەت ئامۆژگاریان بكات، وپەیمانەكەی جێبەجێكرد، وفەرمووی: ئەی ئافرەتان خێر بكەن، وزۆر داوای لێخۆشبوون بكەن؛ ئەمانە لە گەورەترین هۆكارەكانی سڕینەوەی گوناهەكانن، چونكە من ئێوەم بینی لە شەوی شەوڕەویدا زۆرینەی خەڵكی دۆزەخ بوون. ئافرەتێك كە ژیر ودانا وڕێزدار دیاربوو؛ ووتی: بۆچی ئەی پێغەمبەری خودا ئێمە زۆرینەی خەڵكی دۆزەخین؟ فەرمووی: بەهۆی چەند شتێك: ئێوە زۆر جوێن دەدەن وزۆر نەفرەت دەكەن، وسپڵەن بەرامبەر مێردەكانتان. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەسفی كردن: هیچ خاوەن ئەقڵ ودینداریەكی لاوازی وەكو ئێوەم نەبینیووە زاڵ بێت بەسەر پیاوی ژیر وئاقڵ وبڕیاردەر وخۆگر. ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، بۆچی ئەقڵ ودینداریمان لاوازە؟ فەرمووی: لاوازی ئەقڵ لەوەدایە كە شاهێدی دانی دوو ئافرەت بەهێندەی شاهێدی دانی یەك پیاوە؛ ئەمە بەهۆی لاوازی ئەقڵێتی، ولاوازی دینداری هۆكارەكەی كەمی ئەنجامدانی كردەوەی چاكە كە چەند شەو وڕۆژ نوێژ ناكات بەهۆی سووڕی مانگانەوە، وچەند ڕۆژ لە مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو نابێت بەهۆی سووڕی مانگانەوە؛ ئەمە لاوازی دینداریەتی، بەڵام ئەوان لۆمە ناكرێن ولێپرسینەوەیان لێناكرێت بەهۆی ئەمەوە؛ چونكە سروشتی خوڵقاندنیان بەم شێوەیە، هەروەكو چۆن مرۆڤ خوڵقێنراوە لەسەر خۆشویستنی پارە وسامان و بەپەلەیە لە كاروبارەكانیدا...هتد، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداریدا سەبارەت بەم شتانە وەكو ئاگاداریەك بۆ پیاوان لە تووشبوون بە فیتنە بەهۆیانەوە.