پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- چوو بۆ لای ئەبو تاڵیبی مامی كاتێك لە سەرەمەرگدا بوو؛ پێی فەرموو: ئەی مامە، بڵێ: (لا إله إلا اللە)، وشەیەکە کە لای خوای گەورە شاهێدیت بۆ دەدەم لە سەری، ئەبو جەهل وعبداللە کوڕی ئەبی ئومەیە پێیان ووت: ئەی ئەبو تاڵیب، واز دەهێنیت لە ئاینی باوكت عەبدولموتەڵیب؟! كە بت پەرستی بوو، بەردەوام قسەیان لەگەڵدا دەكرد هەتاوەكو كۆتا شت كە ووتی: ئەو لەسەر ئاینی عەبدولموتەڵیبە، ئاینی شیرك وپەرستنی بتەكان، پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- فەرمووی: داوای لێخۆشبوونت (ئیستیغفارت) بۆ دەکەم؛ ئەگەر پەروەردگارم نەهیم لێنەكات، بۆیە خوای گەورە ئەم ئایەتەی دابەزاند: {مَا كَانَ لِلنَّبِيِّ وَالَّذِينَ آمَنُوا أَنْ يَسْتَغْفِرُوا لِلْمُشْرِكِينَ وَلَوْ كَانُوا أُولِي قربى...}، [التوبة: 113]واته: {ڕەوا وشیاو نیە بۆ پێغەمبەر وباوەڕداران کە داوای لێخۆشبوون بکەن بۆ ھاوبەشدانەران با خزمی نزیکیشیان بن...}. وخوای گەورە سەبارەت بە ئەبو تاڵیب ئەم ئایەتەی دابەزاند: {إِنَّكَ لا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ}، [القصص: 56] واته: {بەڕاستی (ئەی پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم-) تۆ ناتوانیت ئەو کەسەی کە خۆشت دەوێت هیدایەتی بدەیت، بەڵام خودا ھەرکەسێکی بوێت ھیدایەتی دەدات وئەو (خودایە) زاناترە بە ئەوانەی هیدایەت وڕێنمونی وەرگرن}. ئەو كەسەی خۆشت دەوێت ؛ ناتوانیت هیدایەتی بدەیت، بەڵكو ئەوەی لەسەر تۆیە ؛ بریتیە لە گەیاندنی پەیامەكە، وخوای گەورە بەویستی خۆی هەركەسێكی بوێت ؛ هیدایەتی دەدات.