شتێك سەبارەت بە هاوەڵانی گەیەندرا بە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، ئەویش ئەوەیە زۆر پرسیاری لێدەكەن، بۆیە بە توڕەییەوە وتاری دا وفەرمووی: بەهەشت ودۆزەخم پێنیشاندرا؛ هیچ خێرێكی زیاتر لە خێری ئەمڕۆم نەبینیووە لە بەهەشتدا، وهیچ شەڕێك زیاتر لە شەڕی ئەمڕۆم نەبینیووە لە دۆزەخدا، ئەگەر ئەوەی من دەیبینم ئێوەش بیبینن، وئەوەی من دەیزانم ئێوەیش بیزانن لەو شتانەی ئەمڕۆ وڕۆژەكانی پێشوو بینیوومە ئەوا زۆر بە قوڵی دەترسان، وكەم پێدەكەنین، وزۆر دەگریان. ئەنەس -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: هیچ ڕۆژێك وەكو ئەو ڕۆژە سەخت نەبوو بە لای هاوەڵانی پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم-، سەریان داپۆشی ودەنگیان لێوە دەردەچوو لە لووتیانەوە بەهۆی زۆری گریانەوە. عومەر -ڕەزای خوای لێبێت- هەستا، ووتی: ڕازین بەوەی الله پەروەردگارمان بێت، وئیسلام ئاینمان بێت، وموحەمەد پێغەمبەرمان بێت. دواتر پیاوێك هەستا، ووتی: باوكم كێیە؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «باوكت فڵانە»، پاشان ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تَسْأَلُوا عَنْ أَشْيَاءَ إِنْ تُبْدَ لَكُمْ تَسُؤْكُمْ﴾ [المائدة: 101] واتە: ﴿ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە پرسیار مەکەن لە شتانێک ئەگەر ئاشکرا بکرێن بۆتان ناخۆش و خراپ دەبێت بۆتان﴾. [المائدة: 101]