پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە هاوەڵانی ڕاگەیاند كە سبەی مسوڵمانان سەردەكەون بەسەر جولەكەكانی خەیبەر كە لە نزیك مەدینە دەژین، ئەمیش لەسەر دەستی پیاوێك كە ئاڵاكەی پێدەدات، ئاڵایەكە سوپا وەكو دروشم بەكاریدەهێنێت، وئەم پیاوە لە سیفەتەكانی ئەوەیە خودا وپێغەمبەرەكەی خۆشدەوێت، وخودا وپێغەمبەرەكەیشی ئەویان خۆشدەوێت. عومەری كوڕی خەتاب -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەكات كە هەرگیز حەزی بە دەسەڵات نەكردووە ولەخەیاڵیدا نەبووە جگە لە ئەو ڕۆژە نەبێت؛ بەو هیوای ئەو كەسە بێت كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: خودا وپێغەمبەرەكەی خۆشیان دەوێت، وعومەر -ڕەزای خوای لێبێت- خۆی هێنایە پێشەوە بۆئەوەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بیبینێت وبەو هیوای بانگی ئەو بكات، هەروەها وەكو بەپەرۆشیەك بۆ وەرگرتنی ئەو ئاڵایە. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بانگی عەلی كوڕی ئەبی تاڵیبی كرد -ڕەزای خوای لێبێت- وئاڵاكەی پێدا، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی پێكرد بەوەی سوپاكە بجوڵێنێت، و لەپاش گەیشتن بە دوژمن سارد نەبێتەوە لە جەنگەكە بەهۆی پشوو وەرگرتن و وەستان وپەیمان بەستن هەتاوەكو خوای گەورە ڕزگاركردنی ئەو قەڵایانە بەرپا دەكات بە سەركەوتن بەسەریاندا. عەلی -ڕەزای خوای لێبێت- بەڕێكەوت، پاشان وەستا وئاوڕی نەدایەوە؛ بۆئەوەی سەرپێچی فەرمانی پێغەمبەر نەكات -صلى اللە علیە وسلم-، وعەلی -ڕەزای خوای لێبێت- بە دەنگێكی بەرز ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، لەسەر چی دژ بە خەڵكی بجەنگم؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: دژیان بجەنگە هەتاوەكو شاهێدی دەدەن بە: (لا إله إلا الله ومحمد رسول الله) واتە: (شاهێدی دەدەم هیچ پەرستراوێك شایستەی پەرستن نییە بەهەق وڕاستی جگە لە الله، وشاهێدی دەدەم موحەمەد پێغەمبەری خودایە)؛ ئەگەر لەمەدا وەڵامیان دایتەوە، وهاتنە نێو ئیسلامەوە ئەوا ماڵ وسامانیان لەسەرت حەرامە، مەگەر بە مافی خۆیان نەبێت وەكو ئەوەی تاوانێك بكەن كە شایستەی كوشتن بێت بەپێی حوكمەكانی ئیسلام، ولێپرسینەوەیان لەلای خوای گەورەیە.