پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هانی هاوەڵان دەدات بۆ ئەنجامدانی كردەوەی چاك، ولە خودا ترسان هێندەی دەتوانن بەبێ زیادەڕەوی و بەبێ كورتڕەوی، وبە كردەوەكەیان مەبەستیان پێكانی ڕاستی بێت ئەمیش كاتێك دێتە دی كە دڵسۆزی بۆ الله ی تێدا بێت لەگەڵ شوێنكەوتنی سوننەت، هەروەها بۆئەوەی كردەوەكەیان قبوڵ بێت وهۆكار بێت بۆ دابەزینی ڕەحمەت بەسەریاندا. پاشان پێیانی ڕاگەیاند كە هیچ یەكێك تەنها بە هۆی كردەوەكانی خۆی ڕزگاری نابێت؛ بەڵكو دەبێت ڕەحمەتی الله ی لەگەڵدا بێت. ووتیان: تەنانەت تۆیش ئەی پێغەمبەری خودا، كردەوەكانت ڕزگارت ناكەن هەرچەندە زۆر وگەورەن؟ فەرمووی: نەخێر، تەنانەت منیش مەگەر خوای گەورە بە فەزڵ وڕەحمەتی خۆی دامبپۆشێت.