حەکیمی کوڕی حیزام -ڕەزای خودای لێبێت- داوای شتومەكی دونیایی کرد لە پێغەمبەری خودا؛ ئەویش پێی بەخشی، پاشان هەر داوای لێیکرد؛ ئەویش هەر پێی بەخشی، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەی حەکیم، ئەم پارە وسامانە بەچێژە ونەفس ئارەزووی دەكات، هەرکەسێک پێی ببەخشرێت بە بێ داواكردن وبە بێ چڵێسی نەفس وبێ ڕووگیری؛ ئەوا بەرەکەتی پێدەبەخشرێت تێیدا، وهەرکەسێک بە چاوبزی نەفس وتەماحەوە بیبات؛ ئەوا بەرەکەتی پێنابەخشرێت تێیدا، وەکو ئەو کەسە وایە هەر دەخوات وتێر نابێت، وئەو دەستەی لە سەرەوەیە ودەبەخشێت خێرترە لە لای خوای گەورە لەو دەستەی لە ژێرەوەیە وداوا دەكات، حەکیم ووتی: ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا، سوێند بە ئەوەى تۆی ناردووە بە هەق، من هەرگیز لە پاش تۆ هیچ شتێک لە پارە وسامانی خەڵكی كەم ناكەمەوە بە داواكردن لێیان هەتاوەکو ئەم دونیایە جێدەهێڵم. خەلیفەی -جێنشینی- پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەبوبەکر -ڕەزای خوای لێبێت- لە ماوەى خیلافەتەکەیدا بانگی حەکیمی دەکرد بۆئەوەى بەشی خۆی پێببەخشێت، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە هیچ شتێك قبوڵ بكات، پاشان پێشەوای ئیمانداران عومەر -ڕەزای خوای لێبێت- لە ماوەى خیلافەتەکەیدا بانگی حەکیمی دەکرد بۆئەوەى بەشی خۆی پێببەخشێت، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە قبوڵی بكات. پاشان عومەر ووتی: ئەی مسوڵمانان، ئێوە شاهێد بن لەسەر حەکیم من هەقی خۆی پێدەدەم لەم دەستکەوتەی خودا پێی بەخشیووە كە مسوڵمانان بەدەستی دەهێنن لە كافرەكانەوە بە بێ جەنگ وبە بێ جیهاد؛ بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە کە وەریبگرێت، بۆیە حەکیم لە پاش پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پارە وسامانی لە هیچ یەكێك كەم نەدەكردەوە بە داوا كردن لێی هەتا کۆچی دوایی کرد.