پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیدەكاتەوە هەركەسێك لە بەیانی هەموو ڕۆژێك لەپاش دەرچوونی خۆر وئێوارەی هەموو شەوێك پێش ئاوابوونی خۆر، سێ جار بڵێت: (بِسْمِ اللَّهِ:بەناوی خودا)؛ داوای یارمەتی وپاراستن لە خوای گەورە دەكەم لە هەموو زیانبەخشێك، (الَّذِي لَا يَضُرُّ مَعَ اسْمِهِ شَيْءٌ:کە بە پەناگرتن بەم ناوە پیرۆزە هیچ شتێک ناتوانێت زیان بگەیەنێت)؛ بە هێنانی ناوی ئەو هیچ شتێك ناتوانێت زیان بگەیەنێت هەرچەندە گەورە بێت، (فِي الْأَرْضِ:نە لە زەوی)؛ وئەوەیشی لێی دەردەچێت لە بەڵا وكارەساتەكان، (وَلَا فِي السَّمَاءِ:ونە لە ئاسماندا)؛ وئەوەی لێیەوە دادەبەزێت، (وَهُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ:وخودا بیسەر وزانایە)؛ بیسەری قسەكانمانە وزانا وشارەزایە بە حاڵمان. هەركەسێك ئەم زیكرە بڵێت لەكاتی هاتنی ئێوارەدا؛ ئەوا تووشی هیچ بەڵایەكی لەناكاو نابێت هەتاوەكو بەیانی بەسەردا دێت، وهەركەسێك ئەم زیكرە بڵێت لەكاتی هاتنی بەیانیدا؛ ئەوا تووشی هیچ بەڵایەكی لەناكاو نابێت هەتاوەكو ئێوارەی بەسەردا دێت. گێڕەرەوەی فەرموودەكە (ئەبانی كوڕی عوسمان) تووشی شەلەل بوو؛ ئەمیش نەخۆشیەكە كە تێیدا مرۆڤ ناتوانێت ڕكێف بكات بە بەشێك لە لاشەی یان بریتیە لە لاربوونەوەی تەنیشتێكی لاشە، ئەو پیاوەی فەرموودەكەی لێوە بیست بە سەرسوڕمانەوە سەیری ئەبانی دەكرد! ئەبان بە پیاوەكەی ووت: بۆچی وا سەیرم دەكەیت؟! والله درۆم نەكردووە بەناوی عوسمانەوە، وعوسمان درۆی نەكردووە بەناوی پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم-، بەڵام ئەو ڕۆژەی تووشی بووم؛ قەدەری خوا وابوو كە ئەو ڕۆژە ئەو نزایەم نەخوێند، چونكە زۆر توڕە بووم و لەبیرم چوو ئەو وشانە بڵێم.