پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێگای کڕین وفرۆشتنی ڕەوا ودروستی بۆ ڕوون کردووینەتەوە لە شتە ڕیبادارەكاندا کە شەش جۆر وتاقمن ئەوانیش: ئاڵتون، زیو، گەنم، جۆ، خورما، خوێ، ئەگەر کڕین وفرۆشتنەکە لە نێوان یەک جۆر لەم جۆرانەدا بێت بەنمونە ئاڵتون بە ئاڵتون یان زیو بە زیو... ئەوا دەبێت دوو مەرج بێتە جێ لە کڕین وفرۆشتنەکەدا: یەکەم: دەبێت لە وەزن وکێشدا بە هێندی یەک بن ئەگەر لە جۆری کێشراو بێت وەک نمونەی ئاڵتون وزیو، یان بە هێندەی یەک بن ئەگەر لە جۆری پێوانەکراو بێت وەک نمونەی گەنم وجۆ وخورما وخوێ. دووەم: فرۆشیار حەقی خۆی وەربگرێت وكڕیار شتومەکی خۆی وەربگرێت لە کۆڕ وشوێنی فرۆشتنەکەدا. خۆ ئەگەر کڕین و فرۆشتنەکە لە نێوان دوو جۆری جیاوازدا بێت بە نمونە کڕین و فرۆشتنی ئاڵتون بە زیو، یان خورما بە جۆ ئەوا لەم کاتەدا کڕین وفرۆشتنەکە ڕەوایە ودروستە بە یەک مەرج ، ئەویش دەبێت فرۆشیار مافی خۆی وەر بگرێت وکڕیار شتومەکی خۆی وەربگرێت لە کۆڕ وشوێنی فرۆشتنەکەدا، ئەگەر وانەبێت ئەوا کڕیار وفرۆشیار بە هاوشێوەی یەک هەردوو کەوتوونەتە نێو مامەڵەیەكی ڕیباداری حەرامكراو .