ئەبو قەتادەی ئەنساڕی -ڕەزای خوای لێبێت- بە دوای كەسێكدا دەگەڕا كە قەرزی ئەوی لابوو؛ وقەرزارەکە خۆی لێ دەشاردەوە، دواتر دۆزیەوە، قەرزدارەكە ووتی: من باری داراییم باش نییە، وهیچ شتێكم پێ نییە كە قەرزەكەتی پێ بدەمەوە. ئەبو قەتادە -ڕەزای خوای لێبێت- داوای لێكرد كە سوێند بخوات بەوەی هیچ پارەیەكی لەبەردەستدا نییە؟ ئەویش سوێندی خوارد بەوەی ڕاستگۆیە لە قسەكانیدا. ئەبو قەتادە -ڕەزای خوای لێبێت- ووتی: گوێم لە پێغەمبەری خودا بووە -صلى اللە علیە وسلم- كە فەرموویەتی: هەركەسێك پێی خۆشە كە خوای گەورە ڕزگاری بكات لە ناڕەحەتی وسەختی وترسەكانی ڕۆژی قیامەت، ئەوا با دەرفەت بدات بە قەرزدار؛ بەوەی داواكردنی قەرزەكە دوا بخات، یان خۆش بێت لە هەندێك لە قەرزەكە یان هەمووی.