پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیدەكاتەوە كە مافی مسوڵمان لەسەر برای مسوڵمانی شەش شتە: یەكەم: سەلامی لێدەكات ئەگەر پێی بگات، ئەمیش بە ووتنی: (السلام علیكم)، وئەویش وەڵام دەداتەوە بە ووتنی: (وعلیكم السلام). دووەم: وەڵامدانەوەی دەعوەتی ئەگەر بانگی كرد بۆ وەلیمە یان هەر دەعوەتییەکی تر. سێیەم: ئامۆژگاری دەكات ئەگەر داوای لێبكات، بەبێ ڕوپامایی وبە بێ فێڵ كردن. چوارەم: ئەگەر پژمی، و ووتی: (الحمد لله) واتە: (حەمد وسوپاس بۆ الله)، ئەوا دەبێت وەڵامی بداتەوە وبڵێت: (یرحمك الله) واتە: (الله ڕەحمت پێبكات)، لەبەرامبەر كەسی یەكەم (كەسی پژمیو) دەڵێت: (يَهديكم الله ويُصلح بالكم) واتە: (الله هیدایەتت بدات وكاروبارت چاك بكات). پێنجەم: سەردانی دەكات ئەگەر نەخۆش بێت. شەشەم: نوێژی لەسەر دەكات ئەگەر بمرێت، وشوێنی جەنازەكەی دەكەوێت هەتاوەكو دەفن ودابۆشینی تەواو دەبێت