explain-icon

شیکردنەوە

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە خواى گەورە -سبحانه وتعالى- سەیری شێوە ولاشەی بەندەکانی ناکات، ئایا جوانن یان ناشیرینن؟ ئایا گەورەن یان بچووکن؟ ئایا ساغن یان نەخۆشن؟ وسەیری پارە وسامانیان ناکات، ئایا زۆرە یان کەمە؟ خواى گەورە -عز وجل- لە بەندەکانى ناپرسێتەوە لەسەر ئەم شتانە، بەڵکو سەیری دڵەکانیان دەکات وئەوەى تێیدایە لە تەقواداری ویەقین، وڕاستگۆیی ودڵسۆزی، یان مەبەستی ڕیا وناوبانگ، وسەیری کردەوەکانیان دەکات لەڕوانگەى چاکی ونەشیاوی ؛ و لەسەر ئەمە پاداشتیان دەداتەوە.

explain-icon

لە سوودەکانی فەرموودەکە

  • گرنگیدان بە چاککردنی دڵ، وپاککردنەوەی لە هەموو وەسفێکی خراپ.
  • چاکبوونی دڵ بەدڵسۆزی -ئیخلاص- دەبێت، وچاککردنەوەى کردەوەکان بەشوێنکەوتنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەبێت، وهەردوویان جێی تێڕوانین لەلای خواى گەورە و بەهەند وەردەگیرێن لەلای ئەو زاتە مەزنە -سبحانه وتعالى-.
  • نابێت مرۆڤ تووشی لەخۆبایی بوون وسەرسامی بێت بەنەفسی خۆی بەهۆی سامانەکەى یان جوانیەکەى یان لاشەى یان هەرشتێکی تر لە شتومەکەکانى ژیانی دونیا.
  • هۆشداریدان سەبارەت بە گرنگیدان بە ڕواڵەت وپشتگوێخستنی ناخ ودڵ.