پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێمان ڕادەگەیەنێت كە لە ئومەتانی پێش ئێمە پادشایەك هەبوو، وجادووگەرێكی هەبوو، کاتێک جادووگەرەکە پیر بوو بە پادشای ووت: من چومەتە تەمەنەوە وگەنجێكم بۆ بنێره با فێرى جادووى بكەم، پادشاكە گەنجێكی بۆ نارد تا فێرى سیحری بكات، وله ڕێگای گەنجەکەدا كه هاتوچۆى پێدا دەکرد؛ خواناسێکی گۆشەگير هەبوو وگەنجەکە جارێكیان لە لای دانیشت، وگوێى له قسەکانى ڕاگرت وپێى خۆش بوو، جا کاتێک دەچوو بۆ لای جادووگەرەكە بە لای خواناسەکەدا دەڕۆیشت ولە لای دادەنیشت، بۆیە جادووگەرەکە لێیدەدا بەهۆی دواکەوتنیەوە، وگەنجەکە سكاڵای ئەمەی لای خواناسەکە کرد، وئەویش ووتى: ئەگەر له جادووگەرەکە ترسای بڵێ: لە ماڵەوە دوایان خستم، کاتێکیش لە ماڵەوە ترسایت بڵێ جادووگەرەكە دوای خستم، لەکاتێکدا ئەو لەسەر ئەم حاڵه بەردەوام بوو؛ ڕۆژێکیان بینی ئاژەڵێکی گەورە ڕێی هاتوچۆی له خەڵکی گرتووە، ووتى: دەبێ ئەمڕۆ بزانم، ئایا جادووگەرەکە باشترە يان خواناسەكە؟ بەردێکی ھەڵگرت، ووتی: خوایه ئەگەر کردەوەى خواناسەكەت لەلا خۆشەویستتره له کردەوەکانى جادووگەرەکە؛ ئەم ئاژەڵە بکوژە تا خەڵکی دەربازیان بێت، وبەردەکەی تێگرت وئاژەڵەکەى کوشت وخەڵكەكە دەربازیان بوو، وپاشان ھات بۆلای خواناسەکە وئەمەی بۆ باسکرد، وکابرای خواناس پێی ووت: ئەی کوڕى خۆم، ئەمڕۆ تۆ لە من باشترى، كارت گەیشتۆتە ئەو ڕادەيەی كه من دەیبینم، دڵنیابه تۆ تووشى تاقیكردنەوە دەبیت، وجا ئەگەر تووشی تاقیكردنەوە بوویت، هەواڵ لەمن مەدە، لە کاتێکدا تازە پێگەیشتووەکە وای لێهاتبوو کوێری زگماگ وبەڵەکی چاك دەكردەوە، ودەرد ونەخۆشییەکانى دیکەیشی چارەسەر دەکرد بە ئیزنی خودای گەورە، وهاو کۆڕێکی پادشا كه کوێر ببوو ئەمەی بیست، وبه خەڵاتێکی زۆرەوە ھات بۆ لای تازە پێگەیشتووەکە، ووتى: هەموو ئەم دياريە بۆ تۆ ئەگەر چاكم بکەیتەوە. وگەنجەکە ووتی: خۆ من كەس چاك ناکەمەوە، بەڵکو ھەر تەنھا خودای گەورە خەڵکی چاك دەکاتەوە، ئەگەر تۆیش باوەڕ بە خودا بهێنیت، داوات بۆ دەکەم خودای گەوره چاكت بکاتەوە، ئەویش باوەڕی به خودا هێنا وخوای گەورە چاكى کردەوە، وپاشان هاتەوە بۆ لای پادشا و لە لای دانیشت ھەروەك چۆن لەپێشدا دادەنیشت، وپادشا پێى ووت: کێ چاوی پێدایتەوە؟ ووتی: پەروەردگارم، وپادشا ووتى: بۆ پەروەردگارێکی ترت هەیە جگە لە من؟ ووتى: پەروەردگارى من و تۆیش ھەر الله یە. ئەویش گرتی ودەستى کرد به ئەشكەنجەدانى تاوەكو خەبەرى له گەنجەکە دا، وپاشان گەنجەکەیان هێنا، وپادشا پێی ووت: کوڕی خۆم، له جادووگەريیدا گەیشتوویتە ئاستێك كه کوێر وبەڵەکى چاك دەکەیتەوە، وئەوە وئەوە دەکەیت. وگەنجەکە ووتی: من كەس چاك ناکەمەوە، تەنھا ھەر خودای گەورە خەڵکی چاك دەکاتەوە، وئەویشى گرت ودەستى کرد به ئەشكەنجەدانى، تا گەنجەکە هەواڵی دا سەبارەت بە کابرای خواناس. وخواناسەکەیش هێنرا وپێی ووترا: له دينەكەت پاشگەز بەرەوە، ئەویش ڕازی نەبوو، وپادشا بانگى کرد وبەمشار سەری کرا بەدوو کەرتەوە. پاشان هاودەمەکەی پادشا هێنرا، وپێى ووترا: له دينەكەت پاشگەز بەرەوە ئەویش ڕازى نەبوو، وبەمشار سەری کرا بە دوو کەرتەوە. وپاشان گەنجەکە هێندرا و پێى ووترا له دينەكەت پاشگەز بەرەوە، وئەویش ڕازی نەبوو، وپادشاكە گەنجەکەی دایه دەست كۆمەڵێك له پیاوەکانی لە نێوان سێ بۆ دە كەس دەبوون. ووتی: بیبەن بۆ سەر ئەو شاخە وسەری بخەن بەسەریدا، كه گەیشتنە لوتكەکەی شاخەکە، ئەگەر له دینەکەی پاشگەز بوویەوە باشە، وئەگەر نا فڕێيبدەنە خوارەوە، ئەوانیش بردیان وبه شاخەکەدا سەريان خست. وگەنجەکە ووتی: خوایه چۆن دەتەوێت ئەمانەم له كۆڵبکەرەوە، وشاخەکە زۆر بە توندی کەوتە لەرزین وئەوان کەوتنه خوارەوە، وئەویش هاتەوە بۆ لای پادشا. وپادشا پێى ووت: هاوەڵەکانت چییان کرد؟ ووتى: خوا له كۆڵمى كردنەوە. وپادشا گەنجەکەی دایەوە دەست چەند کەسێکی دیکه له پیاوەکانی، ووتى: بیبەن له بەلەمێکدا هەڵیبگرن تا دەگەنە ناوەڕاستى دەریاكە، وئەگەر له دینەکەی پاشگەز بوویەوه باشە وئەگەر نا فڕێیبدەنە ناو دەریاكەوە. ئەوانیش بردیان، وگەنجەکە ووتى: خودایه چۆن دەتەوێت ئەمانەم له كۆڵبكەرەوە، وبەلەمەکە هەڵگەڕایەوە وهەموو نوقم بوون، وگەنجەکە هاتەوە بۆ لای پادشا. وپادشا پێى ووت: هاوەڵەکانت چییان كرد؟ ووتى: خودا له كۆڵمى کردنەوە، وپاشان گەنجەکە به پادشای ووت: تۆ ناتوانیت من بکوژیت، هەتا چیت پێدەڵێم ئەوه دەكەيت. پادشا ووتى: ئەوە چییە؟ ووتى: خەڵکی هەموو لە يەك گۆڕەپاندا كۆ بکەرەوە، وبم بەستە به دارێکەوە، وپاشان تيرێک دەربھێنە، وتیرەکە بخەرە ناو کەوانەکەوە وپاشان بڵێ: به ناوى خودای پەروەردگارى گەنجەکە، ودوای ئەوە تیرەکەم تێبگره، وئەگەر تۆ ئەمەت کرد، ئیتر دەمكوژیت، وئەویش هەموو خەڵکی لە يەك خاکدا كۆكردەوە و لەسەر لقی دارخورمایەک منداڵەکەى بەستەوە، وپاشان تیرێکی له هەڵگرت، وخستیه ناو كەوانەکەوە، ووتى: بە ناوی خودای پەروەردگارى گەنجەکە، وپاشان تیرەکەی تێگرت، وبەر لایەکی سەری کەوت ومرد. خەڵکی ووتیان: باوەڕمان هێنا به پەروەردگارى منداڵەکە، باوەڕمان هێنا به پەروەردگارى منداڵەكه، باوەڕمان هێنا بە پەروەردگارى منداڵەکە. وپیاوێک ھات بۆ لای پادشا وپێی ووت: ئايا بینیت ئەوەی لێى دەترسایت؟ سوێند بە خودا ئەمڕۆ ڕوویدا، ئەویش بریتی بوو لەوەی خەڵكی شوێنی گەنجەکە كەوتن وهەموویان باوەڕیان بە پەروەردگاریان هێنا، پاشان پادشا فەرمانى کرد به هەڵکەندنی چاڵی گەورە لەسەر كوچە وكۆڵانەكاندا وئاگریان تێدا كرایەوە، وپادشا ووتى: ھەركەسێک له دینەکەی پاشگەز نەبوویەوه فڕێی بدەنە نێویەوە، وئەوانیش ئەوەی پادشاكە فەرمانی پێكردبوو جێبەجێیان کرد، هەتاوەكو تەنانەت ژنێك ھات منداڵێكى خۆی پێ بوو، ووەستا لە شوێنی خۆی وترسا بچێتە نێو ئاگرەکەوە، ومنداڵەکەی پێی ووت: دایه ئارام بگره، چونكە بەڕاستى تۆ لەسەر هەقیت.