پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- سوپایەکی نارد، و لە ئەنساڕەكان پیاوێكی کردە سەرکردەیان، و فەرمانی پێکردن کە گوێڕایەڵی بکەن، سەرکردەکە لێیان تووڕە بوو، پێی ووتن: ئایا پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- فەرمانی پێنەکردوون کە گوێڕایەڵیم بکەن؟ وتیان: بەڵێ، ووتی: منیش فەرمانتان پێدەكەم کە دار کۆ بکەنەوە و ئاگر بکەنەوە پاشان بچنە نێوی، ئەوانیش دارەکانیان کۆ کردەوە و ئاگریان کردەوە، کاتێک ویستیان بچنە نێوی، هەندێکیان سەیری ئەوانی تریانیان دەکرد. ووتیان: ئایا ئێمە شوێنی پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- نەکەوتووین مەگەر بۆ ڕاکردن لە ئاگری دۆزەخ نەبێت؟! و ئێستا بچینە نێوی؟ كاتێكی خەریكی ئەو گفتوگۆیە بوون؛ گڕی ئاگرەکە کوژایەوە، و توڕەیی سەرکردەکەیش نەما. پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- هەواڵی پێدرا سەبارەت بەم باسە، ئەویش فەرمووی: ئەگەر گوێڕایەڵیان بکردایە و بچوونایەتە نێو ئەو ئاگرەی کە هەڵیانگیرساند بوو، ئەوا ئازار و سزا دەدران تێیدا و هێندەی ماوەی دونیا لێی نەدەهاتنە دەرەوە، و گوێڕایەڵی بۆ هیچ خوڵقێنراوێک نییە ئەگەر فەرمانەكە سەرپێچی فەرمانی خوڵقێنەر بێت، گوێڕایەڵی تەنها لە چاکەدا واجبە؛ نەک لە سەرپێچیدا.