عبداللەی کوڕی مەسعود -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە لە جەنگی حونەیندا -جەنگی تائیف- لە پاش فەتحی مەککە، دەستکەوتێکی زۆریان دەستکەوت لە وشتر وپەز ودرهەم ودینار، وپاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە (جیعرانە) بۆ ماوەیەک مایەوە کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی مەککە، لەوێ دەستکەوتەکانى دابەشکرد بە سەر ئەوانەى ئامادەى جەنگەکە بوون، سەد وشتر بەخشی بە هەر یەک لە ئەقرەعی کوڕی حابیس وعوییەنەى کوڕی حیصن، وهەندێک بەشی بەخشی بە کەسە ناوبانگەکانى عەرەب بۆ ئەوەى ئیسلام لە لایان خۆشەویست بکات؛ بۆئەوەى ئیسلامێتی ئەوان باشتر بێت وئەوانەى شوێنیان دەکەوتن مسوڵمان بوون، وئەمیش بووە هۆی بەهێز بوون وشکۆدار بوونی ئاینی ئیسلام، بەڵام ئەوانەى ئیمانیان بەهێزە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- جێی هێشتن وشتێکی ئەوتۆی پێیان نەبەخشی ئەمیش بەهۆی ئەو ئیمانەى کە هەیان بوو، پاش ئەم دابەشکردنەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کە بە هەندێک زۆری بەخشی وبە هەندێک کەم وبە هەندێکی تری نەبەخشی؛ پیاوێک ووتی: والله ئەم دابەشکردنە دادپەروەری تێدا ئەنجام نەدراوە ولە پێناو ڕەزامەندی خودا نەبووە. وکاتێک ئیبن مەسعود -ڕەزاى خواى لێبێت- ئەمەی بیست بەخێرایی چوو بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-وپێشتر سوێندی خوارد کە بچێت بۆ لای وپێی بڵێت، وکاتێک قسەکەى بۆی باسکرد، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- توڕە بوو وڕەنگی دەموچاوی سوور هەڵگەڕا وپاشان فەرمووی: (ئایا کێ دادپەوەر دەبێت ئەگەر خودا وپێغەمبەرەکەى دادپەروەر نەبن؟): ئەمیش بۆ ئینکار کردن لەو قسەیەی دەیڵێت. پاشان -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (ڕەحمەتی خودا لەسەر موسا، لەمە زیاتر ئازار درا بەڵام ئارامگر بوو). کاتێک ئیبن مەسعود حاڵی پێغەمبەری بینی -صلى اللە علیە وسلم-، ووتی: پاش ئەمە ئەگەر هەر قسەیەک ببیستم لە قسەی ناڕەوا لە لایەن ئەو کەسانەوە ئەوا بۆ پێغەمبەری باس ناکەم -صلى اللە علیە وسلم-؛ چونکە بینی زۆر توڕە بوو، ئەگەر قسەکە زیانی بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وئیسلام ومسوڵمانان نەبێت.