پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە ساڵی شەشی کۆچی بۆ عومرە کردن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوەڵان هات بۆ مەککە، کافرەکانى قورەیش دەرچوون بۆ جەنگ کردن دژی وڕێگری لێکردنی، بەڵام لە نێوانیاندا پەیماننامەیەک بەسترا، كە تێیدا هاتبوو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵان لەم ساڵەدا دەگەڕێنەوە (عومرە ناکەن) بەڵام ساڵی داهاتوو دێن بۆ عومرە کردن وسێ ڕۆژ لە مەککە دەمێننەوە، بۆیە لە ساڵی حەوتی کۆچیدا هاتن بۆ جێبەجێکردنی عومرە. موشریکەکان -وەکو ڕق دەبڕینێک- ووتیان: کەسانێک دێن بۆ ئێرە کە تینی گەرمی یەسریب لاوازیانی کردووە. کاتێک ئەم قسەیان گەیشت بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ویستی قسەکەیان ڕەت بکاتەوە بۆیە فەرمانى بە هاوەڵان کرد کە بە خێرا ڕێ بکەن (سووکە ڕاکردن ئەنجامبدەن) مەگەر لە نێوان گۆشەی یەمانى وگۆشەی بەردە ڕەشەکە نەبێت کە لەو دوو شوێنەدا بە ئاسایی ڕێبکەن، ئەمیش بۆ دەربڕینی ڕەحمەت وبەزەییەک بەرامبەریان، چونکە کاتێک لە نێوان دوو گۆشەکە (ڕوکنەکە) دەبن موشریکەکان نایان بینن، کە چووبوونە سەر شاخی (قوعەیقیعان) بۆ ئەوەى سەیری مسوڵمانان بکەن لە کاتى تەواف کردنیان وئەمیش ئەوانی توڕە کرد هەتاوەکو ووتیان: ئەو مسوڵمانانە وەکو ئاسک وان، بۆیە ئەم (سووکە ڕاکردنە) بوو بە سونەت بۆ هەرکەسێک بێت بۆ مەککە بۆ تەواف کردن، ئەمیش بۆ بیرهێنانەوەى ئەوەى بەسەر پێشینی ئێمەدا ڕوویداوە، وبۆ شوێنکەتنیان وچاولێکردن لە ئارامگرتنیان لەسەر خزمەتی ئیسلام وئەو کردەوە مەزنانەى ئەنجامیان داوە بۆ سەرخستنی ئیسلام وبەرزکردنەوەى وشەی خودا، وخواى گەورە هیدایەتمان بدات بۆ شوێنکەوتنی ڕێبازی ئەوان. وڕێکردنی ئاسایی لە نێوان هەردوو گۆشەکە و ئەنجام نەدانى (سووکە ڕاکردن) حوکمەکەى هەڵوەشێندراوەتەوە؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە حەجی ماڵئاواییدا (سوکە ڕاکردن)ی ئەنجامدا لە تەواف کردنێکی کامڵدا، هەروەکو لەم گێڕانەوەیەدا هاتووە: «أن رسول الله -صلى الله عليه وسلم- رمل من الحجر إلى الحجر ثلاثًا، ومشى أربعًا» [رواه مسلم] واتە: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- (سوکە ڕاکردن)ی ئەنجامدا لە بەردەکەوە (مەبەست بەردە ڕەشەکە) هەتاوەکو دیسانەوە گەڕایەوە بۆ لای بەردەکە سێ جار (لە سێ تەواف دا)، وچوار تەواف ڕێی کرد (ڕێکردنی ئاسایی ئەنجامدا)».