دایكی ئیمانداران (عائیشە) -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- كاتێك ئەم ئایەتەی بۆ دابەزی: ﴿إِذَا جَاءَ نَصْرُ اللَّهِ وَالفَتْحُ﴾ [النصر: 1] واتە: ﴿کاتێک کە یارمەتی وکۆمەکی خوا ھات لەگەڵ سەرکەوتن (شاری مەککە ئازاد کرا)﴾؛ قورئانی جێبەجێكرد ودەستبەجێ گوێڕایەڵی فەرمانی الله بوو كاتێك فەرمووی: ﴿فَسَبِّحۡ بِحَمۡدِ رَبِّكَ وَٱسۡتَغۡفِرۡهُ﴾ واتە: ﴿ئەوسا بە سوپاس وستایشی پەروەردگارت تەسبیحاتی ئەو بکە وداوای لێخۆشبوونی لێ بکە﴾، بۆیە لەپاش دابەزینی ئەم ئایەتانە؛ زۆرجار لەكاتی ڕكوع وسوجدە بردنی لە نوێژدا دەیفەرموو: (سُبْحَانَكَ: پاك وبێگەردی بۆ تۆ خودایە)؛ بە پاك وبە پیرۆزدانانی الله یە لە هەموو كەموكورتیەك كە شیاوی ئەو نین، (اللَّهُمَّ ربنا وبحمدك: حەمد وسوپاس بۆ تۆ ئەی پەروەردگارمان)؛ ستایشكردنێك كە شیاوی تۆیە بەهۆی كامڵی زات وسیفەت وكردەوەكانت، (اللَّهُمَّ اغْفِرْ لي: خودایە لێم خۆش بە)؛ گوناهەكانم بسڕەوە وچاوپۆشیان لێبكە.