زیری کوڕی حوبەیش هات بۆ لای سەفوان کوڕی عەسال -ڕەزای خوای لێبێت-، پرسیاری لێکرد دەربارەی مەسحکردن بەسەر خوفەکاندا، سەفوان ووتی: ئەی زیر، بۆچی هاتووی؟ زیر ووتی: بۆ بەدەستهێنانی زانست، سەفوان ووتی: فریشتەکان باڵەکانیان ڕادەخەن بۆ فێرخوازی زانستی شەرعی؛ وەكو ڕەزامەندی و بەگەورەدانانێك بۆ ئەوەی فێرخوازی زانست ئەنجامی دەدات، زیر ووتی: لە دڵمدا گومان دروست بووە دەربارەی مەسحکردن بەسەر خوفەکاندا دوای پیسی و میز كردن، و تۆ لە هاوەڵانی پێغەمبەری -صلى الله عليه وسلم-، و هاتووم پرسیارت لێ بکەم؛ ئایا هیچ شتێکت لە پێغەمبەرەوە بیستووە دەربارەی ئەمە؟ سەفوان ووتی: بەڵێ، فەرمانی پێدەکردین ئەگەر لە گەشتدا بووین؛ خوفەکانمان دانەکەنین بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و سێ شەو لەكاتی ڕوودانی بچووک وەک پیسی و میز كردن و خەوتن، جگە لە لەشگرانی نەبێت کە لە پاش ڕوودانی دەبێت خوفەكان دابكەنین، ووتم: ئایا بیستووتە هیچ شتێک بفەرموێت لەبارەی خۆشەویستییەوە؟ ووتی: بەڵێ، لەگەڵ پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- بووین لە گەشتێکدا؛ کاتێک لەلای ئەو بووین، دەشتەكیەك بە دەنگێکی بەرز بانگی کرد: ئەی موحەممەد، پێغەمبەریش -صلى الله عليه وسلم- بە دەنگێکی بەرز و نزیک لە دەنگی ئەو؛ وەڵامی دایەوە: وەرە، پێمان ووت: تیا بچیت؛ دەنگت نزم بکەرەوە چونکە تۆ لەلای پێغەمبەریت -صلى الله عليه وسلم-، و نەهیت لێكراوە كە دەنگ لەلای ئەو بەرز بكەیتەوە. دەشتەكیەكە بەهۆی زبری و وشكی خەسڵەتی؛ ووتی: سوێند بە خودا؛ دەنگم نزم ناکەمەوە، پاشان ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، مرۆڤ هەیە خەڵكانێكی چاكەكاری خۆشدەوێت بەڵام وەک ئەوان کردەوەی نەکردووە؟ پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- فەرمووی: مرۆڤ لە ڕۆژی قیامەتدا لەگەڵ ئەو كەسەدایە کە خۆشی دەوێت، زیر ووتی: سەفوان بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی باسەكە بۆمان؛ هەتاوەکو باسی دەرگایەکی تەوبەی کرد لە ئاراستەی شامەوە، کە خوای گەورە لە ڕۆژی خوڵقاندنی ئاسمانەکان و زەویدا دروستی کردووە، سوارچاکێک چل یان حەفتا ساڵ بە پانییەکەیدا دەڕوات، و داناخرێت هەتاوەکو خۆر لە ڕۆژئاواوە هەڵدێت.