لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «واز لە پرسیارکردن بهێنن سەبارەت بە ئەو شتانەى کە فەرمانم پێنەکردوون یان نەهیم لێ نەکردوون، ئەوەی بووە هۆی تیاچوونی خەڵكانی پێش ئێوە ؛ زۆر پرسیار کردن وناکۆکیان بوو بەرامبەر پێغەمبەرانیان، ئەگەر نەهیم لێکردن لە شتێک ئەوا خۆتانی لێ بە دوور بگرن، وئەگەر فەرمانم پێکردن بە شتێك ئەوا ئەنجامی بدەن بەپێی تواناتان». (سەحیح - ڕاست) - (البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
explain-icon

شیکردنەوە

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- حوكمە شەرعیەكانی باسكرد ودابەشی کردن بۆ سێ جۆر: ئەوەی بێدەنگی هاتووە سەبارەتی، وئەوەی نەهی لێكراوە، وئەوەی فەرمانیپێكراوە. یەكەم: ئەوەی شەریعەت سەبارەتی بێدەنگ بووە: بەشێوەیەك حوكمەكەی نازانرێت، وبنچینە لە شتەکان ئەوەیە واجب نییە؛ لە سەردەمی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- واجب بوو پرسیار نەكرێت سەبارەت بەو شتانەی ڕوویان نەداوە یان حوكم سەبارەتیان دانەبەزیوە ؛ لەترسی ئەوەی نەوەك واجب یان حەرام بكرێت، وخوای گەورە حوكمەكەیانی باس نەكردووە وەكو ڕەحمەتێك بەرامبەر بەندەكانی، بەڵام لە پاش مردنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیار كردن لە ڕوانگەی فەتوا وەرگرتنەوە یان فێربوون بۆ ئەوانەی پێویستیانە لە بابەتەكانی ئاین ؛ ڕێگەپێدراوە وبەڵکو فەرمانیپێكراوە، بەڵام ئەگەر لەڕوانگەی زێدەڕۆیی وهێنانی ناڕەحەتی بێت ؛ بەهۆی ئەم هۆكارەوە لە فەرموودەكەدا فەرمانكراوە بە پرسیار نەكردن، چونكە لەوەیە ببێتە هۆی ڕودانی ئەوەی بەسەر نەوەكانی ئیسرائیلدا ڕوویدا، كاتێك فەرمانیان پێكرا مانگایەك سەرببڕن ؛ ئەگەر هەر مانگایەكیان سەرببڕیایە ئەوا فەرمانەكەیان جێبەجێكردبوو، بەڵام ئەوان توندڕەوییان كرد بۆیە توندی وناڕەحەتی هێنرایە سەریان. دووەم: نەهی لێكراوەكان ؛ ئەو شتانەیە هەركەسێك لێی دوور بكەوێتەوە (ئەنجامی نەدات) ؛ پاداشت دەدرێتەوە، ئەوەی بیكات سزا دەدرێت، بۆیە واجبە لەسەر مسوڵمان لە هەموو حەرامێك دوور بكەوێتەوە. سێیەم: فەرمانپێكراوەكان (واجبەكان) ؛ ئەمیش ئەو شتە دەگرێتەوە كە بكەرەكەی پاداشت دەدرێتەوە، وئەوەی ئەنجامی نەدات ؛ سزا دەدرێت، بۆیە واجبە مسوڵمان بەپێی توانا ئەنجامی بدات.

explain-icon

لە سوودەکانی فەرموودەکە

  • پێویستە مرۆڤ سەرقاڵی گرنگترین شت بێت کە پێویستی پێیەتی، و واز لەو شتانە بهێنێت کە هێشتا پێویستی پێی نییە، وسەرقاڵ نەبێت بە پرسیاركردن سەبارەت بەو شتانەی كە هێشتا ڕوویان نەداوە.
  • حەرامێتی پرسیارکردنێك کە لەوەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزکردنی مەسەلەکان، وكردنەوەی دەرگای گومانەكان -شوبهەكان- چونكە ئەمە سەردەكێشێت بۆ زۆربوونی ناکۆکی.
  • فەرمان بە وازهێنان لە هەموو نەهی لێكراوەكان ؛ چونکە هیچ ناڕەحەتیەک نیە لە وازهێنان لێیان، بۆیە نەهی کردنەکە بە شێوەیەکی گشتی بوو.
  • جێبەجێکردنی ئەوەى فەرمانى پێکراوە بەپێی توانایە ؛ چونكە لەوەیە جێبەجێكردنی ببێتە هۆی ناڕەحەتی یان نەتوانێت ئەنجامی بدات، بۆیە جێبەجێکردنی ئەوەى فەرمانى پێکراوە بە پێی توانایە.
  • نەهی كراوە لە زۆر پرسیاركردن، زانایان پرسیاركردنیان دابەشكردووە بۆ سەر دوو جۆر: ئەگەر لەڕوانگەی فێربوونەوە بێت ؛ لەو شتانەی پێویستن لە بابەتەكانی ئاین، ئەمەیان فەرمانیپێكراوە وپرسیاركردنی هاوەڵان لەم جۆرە بووە، دووەم: ئەگەر لە ڕوانگەی زێدەڕۆیی وهێنانی بارگرانی بێت ؛ ئەم جۆرەیانە كە نەهی لێكراوە.
  • هۆشداریدان بە ئومەت سەبارەت بە پێچەوانە كردنی پێغەمبەرەكەیان ؛ چونكە لە نێو ئومەتانی پێشوودا ڕوویداوە.
  • زۆر پرسیاركردن سەبارەت بەو شتانەی كە پێویست نین وناكۆكی لەگەڵ پێغەمبەران ؛ هۆكارە بۆ تیاچوون، بەتایبەت لەو بابەتانەی كە تێگەیشتنیان مەحاڵە، وەكو: بابەتە غەیبیەكان كە تەنها الله دەیزانێـت، وڕووداوەكانی قیامەت.
  • نەهی كراوە لە پرسیاركردن سەبارەت بە بابەتە قورس ومەزنەكان، ئەوزاعی دەڵێت: خوای گەورە ئەگەر بیەوێت بەندە بێبەش بكات لە پیرۆزی وبەرەكەتی زانست ؛ وایلێدەكات زمانی لە بابەتە بێ سود وبێ کەڵکەکان زۆر بەکار بهێنێت، بۆیە بینیم ئەوانە كەمترین زانستیان هەبوو، وئیبن وەهب دەڵێت: گوێم لە مالیك بوو دەیووت: مشتومڕ لە زانستدا نور وڕۆشنایی زانست ناهێڵێت لە دڵی پیاودا.