دایکی باوەڕداران عائیشە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی چۆنیەتی نوێژكردنی پێغەمبەر دەكات -صلى الله عليه وسلم- دەکات کە نوێژەکەی بە تەكبیرەی ئیحرام دەست پێدەکرد، ودەیفەرموو: «الله أكبر» واتە: «خودا لە هەموو شتێك گەورەترە»، و خوێندنەوەی قورئانی بە سورەتی -الفاتحة- دەست پێدەکرد: «الحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ العَالَمِينَ...» واتە: «سوپاس بۆ الله پەروەردگاری جیهانیان...». ئەگەر لە دوای وەستان ڕکوعی ببردایە، سەری بەرز نەدەکردەوە و نزمی نەدەکردەوە لە کاتی ڕکوع بردندا، بەڵکو بە ڕێكی و ڕاستی ڕایدەگرت، و کاتێک سەری لە ڕکوع بردن بەرز دەکردەوە؛ڕاست دەوەستا پێش ئەوەی سوجدە ببات، و کاتێک سەری لە سوجدەی یەکەم بەرز دەکردەوە؛ سوجدەی دووەمی نەدەبرد هەتاوەکو بە ڕێكی و ئارامی دادەنیشت. لە دوای هەموو دوو ڕکاتێک دادەنیشت بۆ خوێندنی تەشەهود -تەحیات- و دەیفەرموو: «التحيات لله والصلوات والطيبات...» واتە: «هەموو ستایشێکی گەورە وبە مەزن دانان تەنها بۆ خوای گەورەیە، وهەموو نوێژکردنێک تەنها بۆ ئەو زاتەیە، وهەموو قسە وکردەوەیەکی باش وجوان وخێرکردنێک تەنها بۆ ئەو زاتە بە دڵسۆزی ئەنجام دەدرێت...»، و ئەگەر لە نێوان دوو سوجدەکەدا یان بۆ تەشەهود دابنیشتایە؛ پێی چەپی ڕادەخست و لەسەری دادەنیشت، و پێی ڕاستی ڕادەگرت. و نەهی كردووە لەوەی کە نوێژخوێن لە نوێژەکەیدا وەکو شەیتان دابنیشێت، ئەمیش بەوە دەبێت كە پێیەكانی لە سەر زەویدا ڕابخات، و لەسەر پاژنەكانی پێیەكانی دابنیشێت، یان سمتەکانی بەسەر زەویدا بلکێنێت و قاچەکانی ڕابگرێت و دەستەکانی لەسەر زەوی دابنێت هەروەكو چۆن سەگ وا دەكات، یان نوێژخوێن قۆڵەکانی -باڵەكانی- ڕابخات و درێژیان بکاتەوە بە سەر زەوی لە كاتی سوجدەدا؛ وەک قۆڵ ڕاخستنی ئاژەڵە دڕندەکان. و كۆتایی بە نوێژەكە دەهێنا بە سەلام کردن: «السلام عليكم ورحمة الله»؛ جارێک بۆ لای ڕاست و جارێک بۆ لای چەپ.