پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە خواى گەورە چاکەکاری دەرهەق بەهەموو شتێک واجب کردووە، وچاکەکاری: بریتیە لە هەستکردن بەچاودێری خواى گەورە بەبەردەوامی، لە پەرستنی وکردنی خێر وچاکە وئازارنەدان ودوورخستنەوەى زیان لە بوونەوەرەکان، وتەنانەت چاکەکاری لەکوشتن وسەربڕینیش دەگرێتەوە. چاکەکاری لە کوشتن لەکاتی تۆڵەسەندنەوە (القصاص): ئەوەیە ئاسانترین وخێراترین ڕێگا هەڵبژێرێت بۆ دەرچوونی ڕۆحی کوژراوەکە. وچاکەکاری لە سەربڕیندا: بەوە دەبێت چاکەکاربێت بەرامبەر ئاژەڵ ئەمیش بەتیژکردنی ئامێر وکەرەستەى سەربڕینەکە، ونابێت لەپێش چاوی ئاژەڵەکە تیژی بکات، ونابێت سەری ببڕێت لەکاتێکدا ئاژەڵێکی تر سەیری دەکات.