پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێمان ڕادەگەیەنێت كە ئیماندار بەتەنها خۆی دەوەستێت لەبەرانبەر الله لە ڕۆژی قیامەتدا، وپەروەردگار -سبحانه وتعالی- قسەی لەگەڵدا دەكات بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك لەنێوەندا بێت، بۆیە لە ترسدا سەیری لای ڕاست وچەپی دەكات؛ بەڵكو ڕێگایەك بدۆزێتەوە پێیدا بڕوات وڕزگاری بێت لە دۆزەخ چونكە لە پێشیدایە. كاتێك سەیری لای ڕاستی دەكات ؛ تەنها كردەوە چاكەكانی دەبینێت، وكاتێك سەیری لای چەپی دەكات ؛ تەنها كردەوە خراپەكانی دەبینێت، وكاتێك سەیری پێشەوە دەكات دەبینێت دۆزەخە، وناتوانێت خۆی لێی دەرباز بكات چونكە دەبێت بەسەریدا تێپەڕ ببێت. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: شتێك بخەنە نێوان خۆتان ودۆزەخ بۆئەوەی پارێزراو بن لێی ئەم شتەیش خێركردن وكردەوە چاكەكانە؛ ئەگەرچیش شتێكی كەم بێت وەكو بەخشینی نیوە خورمایەك.