پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- لە گەشتێکدا بوو بۆ جەنگێك و هاوەڵانی لەگەڵدا بوو لە موهاجیر و ئەنساڕەكان -ڕەزای خوایان لێبێت-، پیاوێک لە موهاجیرەکان بە دەستی خۆی لە پشتی پیاوێکی دا لە ئەنساڕەكان. ئەنساڕیەکە ووتی: بە هانامەوە بێن ئەی ئەنساڕەکان! و موهاجیرەکە ووتی: بە هانامەوە بێن ئەی موهاجیرەکان! پێغەمبەریش -صلى الله عليه وسلم- گوێی لێیان بوو، فەرمووی: ئەوە چییە؟ ووتیان: پیاوێک لە موهاجیرەکان بە دەستی خۆی لە پشتی پیاوێکی دا لە ئەنساڕەكان، ئەنساڕیەکە ووتی: بە هانامەوە بێن ئەی ئەنساڕەکان، و موهاجیرەکە ووتی: بە هانامەوە بێن ئەی موهاجیرەکان. پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- فەرمووی: واز بێنن لەم خووە نەفامی و جاهیلیە، چونکە بێزراو و ناشیرین و ئازاردەرە، ئەویش ئەوە بوو ئەگەر پیاوێك دوژمنەکەی زاڵ بووایە بەسەریدا؛ بانگی هۆزەكەی دەکرد و ئەوانیش دەستبەجێ دەهاتن بۆ سەرخستنی، ئینجا ئەگەر ستەمکار بووایە یان ستەملێکراو؛ ئەمیش بەهۆی نەفامی و دەمارگیریانەوە. جابر دەڵێت: كاتێك پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- هات بۆ مەدینە ئەنساڕەكان زۆرتر بوون لە موهاجیرەكان، پاشان ژمارەی موهاجیرەكان زیادی كرد. سەرۆکی دووڕووەکان؛ عبد الله ی کوڕی ئوبەی کوڕی سەلول، ووتی: ئایا کار گەیشتووەتە ئەم ڕادەیە؟! سوێند بە خودا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مەدینە، ئەوا بەهێزەکان (مەبەستی خۆی و ئەوانەیە كە لەگەڵیدا بوون) لاوازەکان لە مەدینە دەردەكەن (مەبەستی پێغەمبەرە -صلى الله عليه وسلم- و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون). عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزای خوای لێبێت- ووتی: ڕێگەم بدە ئەی پێغەمبەری خودا؛ بدەم لە گەردنی ئەم دووڕووە، پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- فەرمووی: وازی لێبێنە، با خەڵکی نەڵێن موحەممەد شوێنکەوتووانی خۆی دەکوژێت؛ تەنانەت ئەگەر لە ڕواڵەتیشدا بێت چونكە خەڵكی لە ڕواڵەتدا وا تێدەگەن.