پێشەوای ئیمانداران عومەری كوڕی خەتاب -ڕەزای خوای لێبێت- لە دانیشتنێكدا بوو وكۆمەڵێك لە هاوەڵانی لەگەڵدا بوو -ڕەزای خوایان لێبێت-، پێیانی ووت: كامتان بیستوویەتی كە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- باسی فیتنە وئاشووبەكان بكات؟ چەند كەسێك ووتیان: ئێمە بیستوومانە باسی فیتنەكان بكات، عومەر -ڕەزای خوای لێبێت- ووتی: لەوەیە مەبەستتان تاقیكردنەوە وفیتنەی پیاو لە ژیانی تایبەتیدا: لە ژن ومنداڵەكانی بەهۆی زێدەڕۆیی لە خۆشەویستی بۆیان، وڕەزیلی كردنی بۆیان یان لەئاستیان، وسەرقاڵ بوونی پێیان لەسەر حسێبی زۆرێك لە خێر وچاكە، یان لە كەمتەرخەمی لەئاست جێبەجێكردنی مافەكانیان وپەروەردە وفێركردكردنیان، بەهەمان شێوە فیتنە وتاقیكردنەوەی پیاو لە دراوسێكەیدا وبەو شێوەیە ئەوانی تریش، ئایا مەبەستتان ئەمەیە؟ ووتیان: بەڵێ، عومەر ووتی: ئەم فیتنانە لێپرسینەوەی لەسەرە، هەندێكیان گوناهن لەوەیە بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ بدرێت بەهۆی ئەنجامدانی كردەوە چاكەكان وەكو نوێژكردن وڕۆژووگرتن وخێركردن. بەڵام كامتان بیستوویەتی كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی فیتنە گشتیەكان بكات كە بەهۆی مەزنی وتەشەنە كردنیان خەڵكی دەشڵەژێن وەكو شڵەژاوی شەپۆلەكانی دەریا؟ خەڵكەكە بێدەنگ بوون، حوزەیفەی كوڕی یەمان -ڕەزای خوای لێبێت- ووتی: من بیستوومە، عومەر دڵخۆش بوو بەم قسەی -ڕەزای خوای لێبێت-، وپێی ووت: تۆ باوكیشت بۆ خودا سوڵحاو بووە بۆیە ڕۆڵەی وەكو تۆی لێكەوتۆتەوە؛ بڵێ، حوزەیفە گێڕایەوە كە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: هەندێك فیتنە دەردەكەون ودەچەقنە سەر ڕوو وتەنیشتەكانی دڵی مرۆڤەوە هەروەكو چۆن ڕاخەری حەسیر دەلكێت بە لاتەنیشتی پێستی مرۆڤی خەوتووەوە، ئەم توندیە لە چەقاندندا كاریگەری لەسەر دڵ دەبێت، ئەم فیتنانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر دڵ یەك لەدوای یەك، هەردڵێك ئەم فیتنانە بچێتە نێویەوە وخۆشی بوێت وتێكەڵی بێت؛ وەكو چوونە ژوورەوەی خواردنەوە وتێكەڵبوونی ئەوا خاڵێكی ڕەش لەسەر ئەو دڵە دەكوترێت، وهەردڵێك ئەم فیتنانە ڕەت بكاتەوە خاڵێكی سپی لەسەر دەكووترێت، هەتاوەكو دڵەكان بەسەر دوو جۆر دابەش دەبن: جۆرێكیان سپیە چونكە بە توندی گرێدراوە بە ئیمانەوە، وسەلامەتە لە كەموكورتی، وفیتنەكان پێوەی نەلكاون وكاریگەریان لەسەر نەبووە وەكو بەردی سپی بریقەداری لووس وایە كە هیچ شتێك پێوەی نالكێت، بۆیە هیچ فیتنەیەك كاریگەری لەسەر نابێت هەتاوەكو دەگات بە دیداری خوای گەورە. ودڵەكەی تر ڕەش هەڵگراوە بەهۆی زۆری فیتنە تێیدا وەكو گۆزەی لار وسەربەرەو خوار وایە كە هیچ ئاوێكی تێدا ناوەستێت، ئەم دڵەیش هاوشێوەیە لە مانادا چونكە هیچ خێر وداناییەكی پێوە نالكێت، چاكە ناناسێت، ونكۆڵی لە خراپە ناكات، تەنها ئەو شتانە نەبێت كە خۆی حەزی لێیەتی وئارەزووی شوێنی دەكەوێت. حوزەیفە بە عومەری ووت: ئەم فیتنانە لە ژیانی تۆدا دەرناكەون، لە نێوان تۆ وئەواندا دەرگایەكی داخراو هەیە نزیكەی لەوەی بشكێت، عومەر ووتی: هەر بە تەواوی دەشكێت؟ چونكە ئەگەر تەنها بكرێتەوە ڕەنگە بتوانرێت چاك بكرێت ودابخرێتەوە، حوزەیفە ووتی: نەخێر، بەڵكو دەشكێنرێت، وئەو دەرگایە پیاوێكە دەكوژرێت یان دەمرێت. وئەوەی باسم كرد هەواڵێكی ڕاستە وجەختی لەسەر كراوەتەوە وگێڕانەوەیەك نییە لە پەڕەكانی خاوەن كتێبەكانەوە، وڕاوبۆچوونی هیچ زانایەك نییە، بەڵكو فەرموودەی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-.