لە ئیبراهیمی نەخەعیەوە ئەمیش لە هەمامی كوڕی حاریسەوە دەڵێت: جەریر میزی کرد، پاشان دەستنوێژی گرت، و مەسحی كرد بەسەر خوفەكانیدا^، پێی ووترا: ئایا تۆ ئاوا دەکەیت؟ ئەویش ووتی: بەڵێ، من پێغەمبەری خودام بینی -صلى اللە علیە وسلم- کە میزی کرد، پاشان دەستنوێژی گرت، و مەسحی كرد بەسەر خوفەكانیدا، ئەعمەش دەڵێت: ئیبراهیم تێبینی کردبوو کە ئەم فەرموودەیە جێی سەرسوڕمان بوو بۆیان (بۆ خەڵکەکە)، چونکە جەریر دوای دابەزینی سورەتی -المائدة- موسڵمان بوو. ^(خوف: وەكو گۆرەوی وایە لەپێدەكرێت بەڵام لە پێست دروست دەكرێت) (سەحیح - ڕاست) - (البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
explain-icon

شیکردنەوە

جەریری کوڕی عبد الله ڕەزای خوای لێبێت- میزی کرد، پاشان دەستنوێژی گرت و تەنها مەسحی كرد بەسەر خوفەکانی، و پێیەكانی نەشۆرد، ئەوانەی دەوروبەری پێیان ووت: تۆ ئاوا دەکەیت؟! ئەویش ووتی: بەڵێ، پێغەمبەرم بینی -صلى الله عليه وسلم- میزی کرد، پاشان دەستنوێژی گرت و مەسحی كرد بەسەر خوفەکانیدا. جەریر دواكەوت لە مسوڵمان بوونیدا؛ لە پاش دابەزینی سورەتی (المائدة) بوو، کە ئایەتی دەستنوێژی تێدایە، ئەمیش ئاماژەیە بۆئەوەی کە مەسحکردن لەسەر خوفەكان بەو ئایەتە هەڵنەوەشاوەتەوە.

explain-icon

لە سوودەکانی فەرموودەکە

  • بەپەرۆشی هاوەڵان و تابیعیەکان بۆ شوێنکەوتنی سوننەتی پێغەمبەر -صلی الله علیه وسلم-.
  • نەوەوی دەڵێت: هەموو ئەو کەسانەی کە قسەیان لە کۆدەنگیدا (لە ئیجماعدا) جێی بایەخە؛ یەكدەنگن لەسەر دروستێتی مەسحکردن بەسەر خوفەکان (وهاوشێوەكانی)، جا چ لە سەفەردا بێت یان لە شوێنی نیشتەجێبووندا؛ بۆ پێویستی بێت یان بێ پێویستی، تەنانەت بۆ ئافرەتیش دروستە کە لە ماڵەوەیە و دەرناچێت، و بۆ کەسی پەککەوتەیەیش دروستە كە ناتوانێت ڕێ بكات.
  • ئاماژەیە بۆ فەزڵ وپلەو پایەی جەریری کوڕی عبد الله -ڕەزای خوای لێبێت-؛ کە سینگ فراوان و ئارامگر بوو بەرامبەر بە نكۆڵی كردن وڕەتكردنەوەی قوتابییەکانی، تەنانەت ئەگەر لەوەیشدا هەڵە بوونایە.
  • وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەیە کە نكۆڵی دەكەن لە مەسحکردن لەسەر خوفەکان (وهاشێوەكانی)، و بانگەشەی ئەوە دەكەن کە حوكمەكە هەڵوەشاوەتەوە (مەنسوخە)؛ بە بیانووی ئەوەی كە جەریر -ڕەزای خوای لێبێت- لە پاش دابەزینی ئایەتی دەستنوێژ فەرموودەكەی گێڕاوەتەوە.
  • ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە پێویستە ئەو کەسەی نكۆڵی شتێكی لێ دەکرێت (ڕەت دەکرێتەوە) لەكاتێكدا باوەڕی بە دروستێتی ئەو شتە هەیە، ئەوا دەبێت توڕە نەبێت كاتێك نكۆڵی لێ دەکات، و بەپێی گومانی بەرامبەر گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات، بەڵکو باشتر وایە بەڵگەكانی خۆی بۆ ڕوون بکاتەوە بە جوانترین شێوە.
  • بەڵگەهێنانەوە بە مێژوو لە کاتی پێویستیدا.