ئەعرابیەك چووە نێو مزگەوتی پێغەمبەرەوە -صلى الله عليه وسلم- لە ڕۆژی هەینیدا لە دەروازەیەکی ڕۆژئاوای مزگەوتەكە؛ بەرامبەر بە ماڵی عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزای خوای لێبێت-، و پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- وەستابوو وتاری دەدا، پیاوەکە ڕووی لە پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- کرد، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، ئاژەڵەکان لەناوچوون، و ڕێگاکان پچڕان بەهۆی مردنی ئەو ئاژەڵانەی کە خەڵکیان دەگواستەوە یان لەبەر لاوازییان بەهۆی برسێتییەوە، نزا بکە بۆئەوەی خوای گەورە بارانمان بۆ ببارێنێت. پێغەمبەریش -صلى الله عليه وسلم- دەستەکانی بەرز کردەوە، پاشان فەرمووی: خوایە بارانمان بۆ ببارێنە، خوایە بارانمان بۆ ببارێنە، خوایە بارانمان بۆ ببارێنە. ئەنەسی کوڕی مالیک -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: سوێند بە خودا، هیچ پارچە هەورێكمان لە ئاسماندا نەدەبینی، و هیچ ماڵ و خانوویەک نەبوو کە ڕێگر بێت لە بینینی هەورەكە؛ لە نێوان ئێمە لە نێو مزگەوتەكە و شاخی سەلع لە ڕۆژئاوای مزگەوتەكە کە هەور لەوێوە دەهات. ئەنەس -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: لە پشتی شاخەكەوە هەورێکی خڕ وەک قەڵغانێک دەرکەوت و پارچەیەكی بچووک بوو، کاتێک گەیشتە ناوەڕاستی ئاسمانی مەدینە بڵاوبوویەوە، پاشان بارانی باری، سوێند بە خودا، هەتا هەینی داهاتوو خۆرمان نەبینی بەهۆی باران بارینەوە، پاشان هەر ئەو پیاوە لە هەمان دەروازە هاتەوە ژوورەوە بۆ نێو مزگەوت، و پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- وەستا بوو وتاری دەدا، پیاوەکە بە وەستاوی ڕووی لێکرد، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، سامانەکان لەناوچوون، و ڕێگاکان پچڕان، نزا بکە خوای گەورە بارانەکەمان لێ بگرێتەوە. دەڵێت: پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- دەستەکانی بەرز کردەوە، پاشان فەرمووی: خودایە بارانەکە بە دەوروبەرماندا ببارێنە نەک بەسەرماندا، خودایە بارانەكە بڕوات بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە بەرزن لە ئاستی زەوی وەکو گرد، و شاخی بچووک، و ناخی دۆڵەکان، و شوێنی ڕووانی درەختەکان. ئەنەس دەڵێت: هەورە باراناوییەکە پچڕا، و دەرچووین لە مزگەوت و لە ژێر تیشكی خۆردا ڕێمان دەكرد.