هۆزەكانی بەنی قورەیزە و بەنی نەزیر لە جوولەکانی مەدینە بوون، یەکێکیان لە سەردەمی نەفامیدا (لە جاهلیەتدا) ئەوی تری تێكشاند بوو و زاڵ بوو بەسەریدا، بۆیە ڕێککەوتن و ئاشتەواییان ئەنجامدا لەسەر ئەوەی هەر کوژراوێک کە هۆزە بەهێزەکە بیكوژێت لە هۆزە لاوازەکە؛ ئەوا خوێنباییەکەی -دیەكەی- تەنها پەنجا (وەسق) دەبێت، و هەر کوژراوێک کە هۆزە لاوازەکە بیكوژێت لە هۆزە بەهێزەکە؛ خوێنباییەکەی دوو هێندە دەبێت، واتە سەد (وەسق)، و هەر وەسقێکیش شەست (ساعە). لەسەر ئەم ڕێککەوتنە بەردەوام بوون هەتاوەكو پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- كۆچی كرد بۆ مەدینە، و هەردوو هۆزەکە ملکەچی هاتنی پێغەمبەر بوون -صلى الله عليه وسلم-، و لەو كاتەدا پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- هێشتا بە تەواوی سەرنەكەوتبوو بەسەر دوژمنەکانیدا و ملکەچی نەکردبوون بۆ گوێڕایەڵیكردنی؛ چونکە ئەم باسە لە سەرەتای کۆچکردن و لە قۆناغی ئاشتەوایی و پەیماندا بوو. ئینجا هۆزە لاوازەکە كەسێكی لە هۆزە بەهێزەکە کوشت، هۆزە بەهێزەکە پەیامێكیان نارد بۆ هۆزە لاوازەکە: سەد (وەسقمان) بۆ بنێرن بە پێی ڕێککەوتنەکە، هۆزە لاوازەکە ووتیان: ئایا شتی وا لە نێوان كام دوو هۆزدا ڕوویداوە کە ئاین و ڕەچەڵەک و شاریان یەک بێت، بەڵام خوێنبایی یەكێکیان نیوەی خوێنبایی ئەوی تر بێت؟! ئێمە پێشتر كە ئەو بڕەمان پێداون بەهۆی ستەمی ئێوە و ترسمان لێتان، بەڵام ئێستا کە موحەممەد هاتووە؛ هەرگیز ئەو بڕەتان پێ نادەین. خەریک بوو شەڕ لە نێوانیاندا هەڵبگیرسێت، پاشان ڕازی بوون لەسەر ئەوەی پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- دادوەری بكات لە نێوانیاندا، پاشان هۆزە بەهێزەکە بیریان کردەوە، ووتیان: سوێند بە خودا، موحەممەد دوو هێندەی ئەوەتان پێنادات كە ئەوان دەیدەن بە ئێوە، ئەوانیش ڕاستیان کرد؛ بەهۆی ستەم و زاڵبوونمان ئەو بڕەمان پێدەدەن، بۆیە بە نهێنی کەسێکیان نارد بۆ لای موحەممەد -صلى الله عليه وسلم- بۆئەوەی ڕاوبۆچوونی ئەو بزانێت، ئەگەر ئەوەی دەیانەوێت؛ پێی دان، ئەوا بیکەنە دادوەر، و ئەگەر ئەوەی ئارەزووی دەکەن؛ پێی نەدان، ئەوا وازی لێ بهێنن و نایکەنە دادوەر لە نێوانماندا. بۆیە بە نهێنی چەند کەسێکیان لە دووڕووەکان (لە مونافیقەکان) نارد بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم-؛ بۆئەوەی ڕای ئەو بزانن، کاتێک هاتن بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم-، خوای گەورە وەحی دابەزاند و پێغەمبەری ئاگادار كردەوە لە هەموو کار و نیازیان، الله -عز وجل- لە سورەتی -المائدة-دا ئەم ئایەتانەی دابەزاند: {يَا أَيُّهَا الرَّسُولُ لَا يَحْزُنْكَ الَّذِينَ يُسَارِعُونَ فِي الْكُفْرِ مِنَ الذِينَ قَالُوا آمَنَّا} [المائدة: 41] واتە: {ئەی پێغەمبەر، با غەمبارت نەکەن ئەوانەی کە پەلە دەکەن لە کوفردا لەوانەی کە بە دەم دەیانووت باوەڕمان هێناوە}. هەتاوەكو كە دەفەرموێت: {وَمَنْ لَمْ يَحْكُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللهُ فَأُولَئِكَ هُمِ الْفَاسِقُونَ} [المائدة: 47] واتە: {و هەرکەسێک دادوەری نەكات بەوەی خودا دایبەزاندووە، ئا ئەوانە فاسق و لەسنوور دەرچوون}. پاشان ئیبن عەباس -ڕەزای خوایان لێبێت- ووتی: سوێند بە خودا، ئەم فەرمایشتانەی خوای گەورە -سبحانه وتعالی- دەربارەی ئەوان دابەزیووە؛ كاتێك دەفەرموێت: {وَمَنْ لَمْ يَحْكُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللهُ فَأُولَئِكَ هُمِ الْكَافِرُونَ} [المائدة: 44] واتە: {و هەرکەسێک دادوەری نەكات بەوەی خودا دایبەزاندووە، ئا ئەوانە کافرن}. و {...فَأُولَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ} [المائدة: 45] واتە: {...ئا ئەوانە ستەمکارن}. و {...فَأُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ} [المائدة: 47] واتە: {...ئا ئەوانە فاسق و لەسنوور دەرچوون}، و خوای گەورە -عز وجل- مەبەستی هەردوو هۆزەكە بوو.