نوعمانی کوڕی بەشیر -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: ئەو لەلای مینبەری پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- دانیشتبوو، گوێی لە پیاوێک بوو كە دەیووت: گرنگ نییە بە لامەوە كە هیچ کارێکی تر نەکەم؛ لە دوای ئەوەی كە موسڵمان بووم، تەنها ئەوە نەبێت کە ئاو ببەخشم بە حاجیەكان. یەکێکی تر ووتی: گرنگ نییە بە لامەوە هیچ کارێکی تر نەکەم؛ لە دوای ئەوەی كە موسڵمان بووم، تەنها ئەوە نەبێت کە خزمەتی مزگەوتی حەرام بکەم، یەکێکی تر ووتی: جیهاد لە پێناوی خودا باشترە لەوەی ئێوە ووتتان. عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزای خوای لێبێت- سەرزەنشتی کردن بەهۆی دەنگ بەرزکردنەوەیان لەلای مینبەری پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم-، و ئەم باسە لە بەیانی ڕۆژی هەینیدا بوو، بەڵام کاتێک نوێژی هەینی تەواو بوو، چوومە ژوورەوە و داوای فەتوام لە پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- كرد؛ دەربارەی ئەو شتەی کە تێیدا ناکۆک بوون، بۆیە خوای گەورە -عز وجل- ئەم ئایەتەی دابەزاند: {أَجَعَلْتُمْ سِقَايَةَ الْحَاجِّ وَعِمَارَةَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ كَمَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَجَاهَدَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ لَا يَسْتَوُونَ عِنْدَ اللَّهِ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ} واتە: {(ئەی بێباوەڕان) ئایا پێتان وایە ئاودان بە حاجییان و (سەرپەرشتی) و ئاوەدان کردنەوەی مزگەوتی حەرام وەکو کەسێکە کە باوەڕی ھێنا بێت بە خودا و بە ڕۆژی دوایی و تێکۆشا بێت لە ڕێگای خوادا؟ چوون یەک نین بەلای خوداوە و (یەکسان نین) وە خوا ڕێنمونی کۆمەڵی ستەمکاران ناکات}. [التوبة: 19].